"مەدەنییەکان دووربکەونەوە"

سعودیە هەڕەشەی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ژێرخانی نەوتی سەنعا راگەیاند

ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی بەرگریی سعودیە داوای لە دانیشتوانی سەنعای پایتەختی یەمەن کردووە بە زووترین کات ناوچەی وێستگەی ناوەندیی “سەباحە”، سەر بە کۆمپانیای نەوتی یەمەن، چۆڵ بکەن.

ئەم هۆشدارییە لە پێناو ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێکی ئاسمانی دژ بەو شوێنەدا دراوە.

تورکی ئەلمالیکی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعودیە رایگەیاندووە، ئەم ئۆپراسیۆنە ئامانجی وێرانکردنی ئەو پێگەیەیە کە حوسییەکان بۆ پشتگیریی هێرشەکانیان بەکاری دەهێنن، و جەختی لە پاراستنی گیانی مەدەنییەکان کردووەتەوە.

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە سعودیە ڕایگەیاندبوو، مووشەکێکی بالیستیی حوسییەکانی لە ئاسمانی ریاز تێکشکاندووە، لە بەرامبەردا، حوسییەکان هەڕەشەیان لە دامەزراوەکانی کۆمپانیای نەوتی “ئارامکۆ”ی سعودیە کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، دەسەڵاتدارانی فڕۆکەوانیی ئەمریکا ئاگادارییان بە کۆمپانیاکانی فڕین داوە سەبارەت بە مەترسییە ئەمنییەکان لە سعودیە، ئەم گۆڕانکارییانە نیگەرانییەکان لە فراوانبوونەوەی ململانێی سەربازی لە ناوچەکەدا زیاتر دەکەن.