پشكنینی بازاڕ و دوكانهكان له خورماتوو
سامانی ماسی لهناودهبات
مهترسی بڵاوبوونهوهی ڤایرۆسی KHV له خورماتوو ههیه
سیروان خورشید – خورماتوو
لیژنەیەکی پشکنینی بەشی ڤێتێرنەری خورماتوو هەڵمەتێکی فراوان و مەیدانی بۆ پشکنینی ماسی لە مارکێتەکان و سەر عارەبانە گەڕۆکەکان دەستپێکرد، بۆ دڵنیابوون له بڵاونهبوونهوهی ڤایرۆسێك، كه مهترسی زۆری لهسهر ماسی ههیه.
نەجم هادی، بەرپرسی راگەیاندنی ڤێتێرنەری خورماتوو بە964ـی وت،” ئامانجی سەرەکی لەم هەڵمەتە، پشکنین و دڵنیابوونەوەی تەواوە لە سەلامەتی و تەندروستی ئەو ماسییانەی دەخرێنە بازاڕەوە، تا رێگری لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی “KHV” بگرین، ئەم ڤایرۆسە یەکێکە لە نەخۆشیە مەترسیدارەکان و هەڕەشەیە لەسەر ماسی و کەرتی ئاژەڵداری دروست دەکات.
وتیشی، تیمە پزیشکی و چاودێرییەکانمان بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون و چاودێریکردنی بازاڕەکان بە شێوازێکی ورد بە ئامانجی ئەوەی کە دڵنیابین لەوەی بەرهەمێکی خۆراکی تەندروست و پاک دەگاتە دەستی هاوڵاتیان و بە تەواوی لە هەر کێشە و مەترسییەکی تەندروستی دووربن.
دەشڵێت، وەک بەشی ڤێتێرنەری داوا لە سەرجەم کاسبکاران و خاوەن مارکێتەکان دەکەین هاوکاری تیمەکان بن و پابەندی مەرجە تەندروستییەکان ببن، بە پێچەوانەوە هەر شوێنێک سەرپێچی بکات رووبەڕووی رێکاری یاسایی توند دەبنەوە.
بەرپرسەکەی ڤێتێرنەری وتیشی، ئەم ڤایرۆسە بۆ مرۆڤ ناگوازرێتەوە و مەترسی تەندروستی بۆ سەر مرۆڤ نییە، چونکە ئەمە نەخۆشییەکی تایبەتە بە ماسییەکان و تەنیا زیان بە سامانی ماسی و کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی ماسی دەگەیەنێت، بەڵام بۆ خواردن ناشێت، چونکە تامەکەی لەدەست دەدات.
نیشانهكانی نهخۆشییهكه چین؟
نەجم هادی، بەرپرسی راگەیاندنی ڤێتێرنەری خورماتوو دهڵێت: دیارترین نیشانەکانی تووشبون بەو ڤایرۆسە بریتیین لە تێکچونی ئەندامەکانی هەناسەدان و سپیبوون یان قاوەییبونی ئەو بەشانەی ماسییەکە کە بەرپرسن لە هەناسەدان، لەگەڵ ئەوەشدا دەرکەوتنی پەڵە و برینی لهکەدار و ماسییه توشبوەکان لە سەرئاو دەمێننەوە و بێهێز دەبن و بە شێوازێکی نائاسایی مەلە دەکەن، نەمانی ئارەزووی خواردن و تێکچونی باری تەندروستیان، کە ئەمەش زۆر جار دەبێتە هۆی مردنی بە کۆمەڵی ماسییەکان.