"پێویسته‌ جیهان به‌ئاگابێته‌وه‌"

گرافیک: یه‌ک ملیار و 200 ملیۆن كه‌س هه‌ژارن

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP) بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی له‌ جیهاندا راگه‌یاند، کە تووشی هەژاری فرەڕەهەند هاتوون، ئه‌مه‌ش یەکەم زیادبوونی لەو جۆرەیە لەوەتەی بەدواداچوون بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كرێت له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2010ـه‌وه‌.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە جیهاندا لە هەژاریدا دەژین گەیشتووەتە نزیکەی یەک ملیار و 200 ملیۆن کەس، کە بە بەراورد بە دوایین ئاماری تۆمارکراو 51 ملیۆن و 500 هه‌زار كه‌س زیادیکردووە.

ئەلێکساندەر دی کرۆ، بەڕێوەبەری پرۆگرامەکە رایگەیاندووە، ئەم بەرزبوونەوەیە دەبێت وەک “بانگەوازێکی بەئاگابوونەوە بۆ هەموو جیهان” بێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، هەژاری ملیۆنان کەس لە خۆراک و خوێندن و ئاوی پاک و کارەبا بێبەش دەکات و منداڵان زیاتر لە نیوەی ئەو کەسانە پێکدەهێنن کە تووشی هه‌ژاری دەبن.

روونیشی کردەوە کە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان بەشداربووە لە زیادبوونی 15.4 ملیۆن کەس لە ژمارەی خەڵکی هەژار، بەڵام ئاماژه‌ی باشیش هه‌یه‌ و ده‌ڵێت 33 وڵات لە کۆی 89 وڵات کە زانیارییان لەبەردەستدایە، سەرکەوتوو بوون لە کەمکردنەوەی پێوەرەکانی هەژاری فرەڕەهەندی خۆیان لە ماوەی کەمتر لە 15 ساڵدا بۆ نیوە، له‌وانه‌ش شەش وڵاتی ئەفریقای لەخۆگرتووه‌.