مامۆستا عەزیز و سوهەیبەی هاوسەری؛ دوو دەنگی ناڕازیی ناو خۆپیشاندانەکەى پێنجوێن


ئەحمەد محەمەد- پێنجوێن

لە نێو ئەو خۆپیشاندانەى لە پێنجوێن دژی بەستنی پێوەری زیرەک و پڕۆژەی رووناکی کۆبوونەتەوە، سوهەیبە کەریم و مامۆستا عەزیزى هاوسەرى وەک دوو هاوسەرى ناڕازى بەشداریان کردووە و شانیان داوەتە شانی گەنجەکان و لەسەر شەقامەکان ماونەتەوە.

ئەوەی زیاتر سەرنجڕاکێشە، سوهەیبە کەریم ئێستا وەک تاقانەی خۆپیشاندەران دەردەکەوێت، چونکە ئەو تاکە ژنە کە لە گۆڕەپانی ناڕەزایەتییەکاندا ماوەتەوە.

سوهەیبە لە مایکى 964ـەوە داوایەکی لە خەڵکی شارەکەی کرد و وتى،”داواکارم لە هەموو ماڵێکی پێنجوێن، لانی کەم یەک بۆ دوو کەسیان بێنە دەرەوە و بەشداری ئەم خۆپیشاندانە بکەن بۆ داواکردنی مافەکانمان.”
لەلایەکی دیکەوە، مامۆستا عەزیز کە پیاوێکی دنیادیدە و یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی پێنجوێن، وەک شارەزایەک مێژووى قسەی بۆ 964 کرد. ئەو پێنجوێن بە “شاری بەفر و خوێن” وەسف دەکات و بە دەڵێت: “بۆ دوژمن ژەهری مارم و بۆ دۆستیش شانەی هەنگوینم.”
مامۆستا عەزیز پێیوایە، ناڕەزایەتیی مەدەنی بەشێکە لە ناسنامەی شارەکەیان، وەک دەڵێت، “پێنجوێن هەمیشە پێشەنگی خۆپیشاندان بووە و مێژوویەکی دێرینی لەم بوارەدا هەیە، لێرە خەڵک هەر شتێکیان بە دڵ نەبێت و لێی رازی نەبن، راستەوخۆ بە خۆپیشاندانی مەدەنی و ئاشتییانە رەتی دەکەنەوە.”
خۆپیشاندانەکانی ئەمجارەی پێنجوێن، کە مامۆستا عەزیز و سوهەیبە خان بەشێکن لێی، بە تایبەتی دژی بڕیاری بەستنی پێوەری زیرەکی کارەبا و رەتکردنەوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی رووناکییە لە شارەکەیان، کە پێیانوایە لەگەڵ دۆخی سەخت و ساردیی ناوچەکەیان ناگونجێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح