کەلار
بایکۆتەکە ئیشى خۆى کرد؛ قوتابخانەیەک بۆ لانە سیتى دروستکرا
میلاد جەلال- گەرمیان
بایکۆتى قوتابیانى پڕۆژەى لانە سیتى ئیشى خۆى کرد، هەفتەى داهاتوو دەچنە ناو قوتابخانەیەکى نوێ.
رۆژى 22ـى مانگی رابردوو، قوتابیانی قوتابخانەی لانە و کەسوکاریان گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و بڕیاری بایکۆتکردنی دەوامیان دا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بینای قوتابخانەکەیان کە کابینە بوو، سەقفەکەى بە تەواوەتى رزى بوو، لە بەرامبەردا و لە هەمان رۆژدا وەزیری پەروەردە بڕیاری دا قوتابخانەیەکی نوێیان بۆ جێبەجێ بكرێت.
سەرخێڵ ئیبراهیم، مامۆستا لە قوتابخانەی لانە بە 964ی راگەیاند: “ئەم قوتابخانەیەش بە کابینە دروست دەکرێت و بڕیارە بەشێوەیەکی کاتی بێت تا ئەوکاتەی بینای سەرەکیی قوتابخانەکەمان تەواو دەکرێت.”
ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەش کرد، کابینە نوێیەکان تازەن و بۆ ئێستا زۆر باشترن لە قوتابخانە کۆنەکە، ئامێری گەرمکەرەوە و ساردکەرەوەیان تێدا جێگیر دەکرێت و تەنها دابینکردنی رەحلەکان ماوە کە لەلایەن پەروەردەی گەرمیانەوە جێبەجێ دەکرێت.
بەپێی وتەی سەرخێڵ ئیبراهیم، قوتابخانە نوێیەکە یاریگایەکیش بۆ قوتابیان لەخۆدەگرێت و هەموو کارەکانی لە هەفتەی داھاتوودا کۆتاییان پێدێت، تاوەکو قوتابیان بتوانن راستەوخۆ دەست بە پرۆسەی خوێندن بکەنەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح