چوونە بەردەم بانک

مووچە خورا و بڕا کەچى هێشتا هەندێ مووچەخۆر وەریان نەگرتووە

964+
کۆسرەت ئەحمەد – هەولێر

هەرچەندە چوار رۆژ بەسەر دابەشکردنی مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەراندا تێپەڕیوە و بەشى زۆرى فەرمانبەران پارەى موچەیان خەرج کرد، بەڵام هێشتا بەشێک لەو مووچەخۆرانەی لە بانکی ئیسلامی مووچە وەردەگرن گرفتیان هەیە و ئەمڕۆ بەهۆی کێشەی کارتەکانیانەوە چوونە بەردەم بانکەکە لە هەولێر.

قەندیل چەتۆ، کە پێشمەرگەیە و یەکێکە لەو مووچەخۆرانە، سکاڵا لە دیارنەمانی مووچەکەی دەکات و داوا لە حکومەت دەکات کێشەی بانکەکەیان چارەسەر بکات. ئەو دەڵێت، مووچەکەی ملیۆنێک و 155 هەزار دینارە، بەڵام رۆژی چوارشەممەی رابردوو تەنیا 100 هەزار دیناری وەرگرتووە و ملیۆنەکەی دیکە رۆیشتووە و نازانێت چی لێ هاتووە.

ئەو پێشمەرگەیە ئاماژە بەوەش دەکات، پێشتریش جارێکی دیکە هەمان شتی بەسەرهاتووە و پارەکەی بلۆک بووە؛ دواتر نووسراویان بۆ کردووە و ناردوویانە بۆ بەغدا، تا وەڵامەکەی هاتووەتەوە مووچەیەکی دیکەش هاتووە و دوو مووچەی بەیەکەوە وەرگرتووە.

لە نۆرەیەکی درێژی بەردەم بانکەکەدا، مام رەشیدیش وەستاوە و دەیەوێت بچێتە ژوورەوە و سۆراغی مووچەکەی بکات. ئەو دەڵێت نامەی بۆ هاتووە و پێی راگەیەندراوە کە پارەکەی وەرگرتووە، لە کاتێکدا هیچ پارەیەکی وەرنەگرتووە، وەک خۆیشی دەڵێت، “دڵنیا نیم مووچەکەم ماوە یان نا، وەرم نەگرتووە بەڵام نامەم بۆ هاتووە و دەڵێت وەرت گرتووە.”

پێداچوونەوە: وریا فەتاح