شاره‌كانی كوردستان ده‌خرێنه‌ ناو یارییه‌كه‌وه‌

له‌مه‌ودوا لە به‌رده‌م مزگه‌وتی گه‌وره‌ و سه‌هۆڵه‌كه‌ یاریی GTA بكه

دیلان محه‌مه‌دجه‌زا – سلێمانی

پرۆگرامسازێک ياریی GTA بە کوردی دروستکردووە و ده‌ڵێت، پلانیان هه‌یه‌ هه‌ولێر و شاره‌كانی دیكه‌ش بخه‌نه‌ ناو یارییه‌كه‌وه‌.

کارۆز رێباز، ئەندازیاری پرۆگرامسازییه‌ و به‌ 964ی راگه‌یاند، به‌ نزیكه‌ی دوو مانگ یارییه‌كه‌یان به‌ كوردی دروست كردووه‌، سه‌ره‌تا له‌ سلێمانی ده‌ستیان پێكردووه‌ و نه‌خشه‌ی شاره‌كه‌یان له‌ یارییه‌كه‌دا داناوه‌، ئیتر له‌ سه‌هۆڵه‌كه‌وه‌ یان له‌ به‌رده‌م مزگه‌وتی گه‌وره‌ و هه‌موو شاره‌كه‌ یاریی بكه‌یت.

“پلانمان هه‌یه‌ هه‌ولێر و شاره‌كانی دیكه‌یش بخه‌ینه‌ ناو یارییه‌كه،‌” كارۆز رێباز وای وت.

هه‌روه‌ها كه‌سایه‌تییه‌كانی ناو یارییه‌كه‌یان بە جلی کوردی و کڵاشەوە دیزاین كردووه‌ و هه‌ردوو ره‌گه‌ز و ته‌مه‌نی جیاوازیشی تێدایه‌.

وتیشی، ئه‌مه‌ به‌شی یه‌كه‌مه‌ و پلانی به‌شی دووه‌میشمان هه‌یه.

یاری Grand Theft Auto کە بە کورتی بە GTA دەناسرێت) زنجیرەیەکی بەناوبانگ و پڕفرۆشی یارییە ڤیدیۆییەکانە کە لەلایەن کۆمپانیای Rockstar Gamesـەوە پەرەی پێدراوە.

لە یارییەکەدا یاریزان دەتوانێت بە ئازادی بەناو شارە خەیاڵییەکاندا بگەڕێت، ئۆتۆمبیل لێبخوڕێت و چەندین کاری جیاواز ئەنجام بدات و شەڕەتەقەش بکات و ڤێرژنی جۆراوجۆری هەیە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا