لە نەخۆشخانەی رزگاری راهێنان لەسەر سەری مرۆڤ دەکەن – وێنە؛ نەخۆشخانەی رزگاری
بۆ یەکەم جارە لە کوردستان و عێراق شتی وادەکرێت
لە نەخۆشخانەی رزگاری راهێنان لەسەر کەلـلەسەری مرۆڤ دەکەن
شۆڕش قادری
بۆ یەکەمین جار لە کوردستان و عێراق راهێنانی پزیشکانی قوڕگ و لووت و گوێ لەسەر کەلـلەسەری مرۆڤی راستی کرا.
راگەیاندن و پەیوەندییەکانی نەخۆشخانەی رزگاری هەولێر چەند وێنەیەکی کاتی راهێنانەکانی داناوە و نووسیویەتی، “ئەو سەرەی کە لەم راهێنانەدا بەکاردێن سەری مرۆڤی راستینن و لە ئەمریکا کڕدراون، پاش پشتڕاستکردنەوە و پشکنینی پزیشکی و تەندروستی بە شێوەیەکی پاک و ستاندارد، بۆ مەبەستی فێرکاری ئامادە کراون”.
ئەم کەلـلەسەرانەی مرۆڤ بۆ یەکەم جارە لە کوردستان و عێراق و دووەم جاریشە لە نەخۆشخانەی رزگاری فێرکاری هەولێر بۆ مەشق و راهێنانی پزیشکانی تازەی بەشی گوێ و لووت و قورگ (ENT) بەکاردێن.
ئامانجی ئەو راهێنانە بەرزکردنەوەی توانای زانستی و کرداری پزیشکان و پەرەپێدانی شارەزاییانە لە کارکردنی ئەمجارە لەسەر لیکە رژێنەکانی مرۆڤ و شێوازەکانی پەیوەندیدار بە نەشتەرگەرییە تایبەتەکان.
وەک کاربەدەستانی نەخۆشخانەی رزگاری دەڵێن، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکانیان بۆ پەرەپێدان و نوێکردنەوەی سیستەمی فێرکاری و بەرزکردنەوەی ئاستی توانای پزیشکی بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکی پزیشکی نوێتر و باوەڕپێکراوتر بۆ هاوڵاتیان.