دیزاینەکەیان ئامادەیە

پێنج پڕۆژەی ستراتیژی ئاو بۆ چارەسەرکردنی کەمئاوی لە هەرێمی کوردستان

ئەحمەد مستەفا

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رەزامەندیی فەرمی بۆ جێبەجێکردنی پێنج پڕۆژەی ستراتیژیی ئاو لە چەند ناوچەیەکی هەرێم وەرگیراوە.

بەپێی راگەیاندنەکە، سەرجەم ئامادەکارییە ئەندازیاری و کارگێڕییەکان بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکان تەواو کراون و دیزاین و لێکۆڵینەوە پێویستەکانیش بە ڕێژەی 100% کۆتاییان پێهاتووە.

ئەم پڕۆژانە دابینکردنی ئاوی خاوێنە بۆ دانیشتووانی سۆران، خەبات، کەلار و کۆیە لە خۆدەگرن، لەگەڵ فراوانکردنی تۆڕی ئاوی قەندیل، پیرمام و شەقڵاوە.

بەرپرسانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەڵێن، ئەگەر شایستە دارایییەکان لەلایەن حکومەتەوە فەراهەم بکرێن، جێبەجێکردنی پڕۆژەکان دەستبەجێ دەست پێدەکات.

ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە ناوچەکانی سۆران، خەبات، کەلار، کۆیە و دەڤەری پیرمام و شەقڵاوە، لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی کەمبارانی، گۆڕانی کەشوهەوا و زیادبوونی دانیشتووان، بە تایبەتی لە وەرزی هاویندا، رووبەڕووی کەمئاوی بوونەتەوە.