کۆمسیۆن دوو مەرج بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەستنیشان دەکات
964+
فەرمان سادق
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی دیاریکرد بێ ئەوەی راوێژ بە کۆمسیۆن بکات، وتەبێژی کۆمسیۆن دەڵێت، کاتەکە زۆر گونجاوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 26.3.2023، دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایهتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرهیهكی رۆژنامەوانیدا فەرمانی هەرێمی ژمارە 90ـی 2023 خوێندەوە کە رۆژی 18.11.2023 وەک رۆژی ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان دەستنیشانکراوە.
شیروان زرار، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی بە 964ـی وت، ئەو کاتەی دەستنیشانکراوە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە لەرووی کاتەوە ئەوا زۆر گونجاوە، بەڵام پێویست دەکات تاوەکو مانگی ئایار، ئەو لیژنەیەی لە پەرلەمانی کوردستان پێکهێندراوە بۆ دەستنیشانکردنی ئەنجومەنی کۆمسیاران، کارەکانیان تەواو بکەن، یانیش ئەو کۆمسیۆنە متمانەی پێ بدرێتەوە و شوێنی دوو ئەندامەکەش پڕ بکرێتەوە، هەوەها یاسای هەڵبژاردنیش لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە هەموار بکرێتەوە.
لەرووی کاتەوە، هەمیشە کۆمسیۆن داوای لە سێ سەرۆکایەتییەکە کردووە کە شەش مانگی پێویستە، بەڵام ئەو وادەیەی سەرکایەتی هەرێم دەستنیشانی کردووە حەوت مانگ 23 رۆژە، واتە 53 رۆژ لە کاتەکەیدا خۆیدا زیاترە.
دەستنیشانکردنی کاتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە ساڵی رابردووش بەهەمان شێوە فەرمانی هەرێمی دەرکرد، بەڵام بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان، هەڵبژاردنەکە ئەنجام نەدراو و بۆ ئەمساڵ دواخرا.