زیاتر لە 700 کەس بریندارن

32 کەس گیانیان لەدەستداوە؛ دوو بوومەلەرزەی وێرانکەر ڤەنزوێلایان هەژاند

وریا فەتاح

بەلایەنی کەمەوە 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدان کەسی دیکەش بریندارن، دوای ئەوەی دوو بوومەلەرزەی یەک لەدوای یەک و زۆر بەهێز ڤەنزوێلایان هەژاند و وێرانکارییەکی گەورەیان لێکەوتەوە، لە ئێستاشدا باری لەناکاو لە وڵات راگەیەندراوە.

بوومەلەرزەکان بە گوڕی 7.2 و 7.5 پلە بە پێوەری رێختەر بوون و بە کەمتر لە خولەکێک بەدوای یەکدا روویانداوە، کە بە گەورەترین بوومەلەرزە دادەنرێت لە ماوەی زیاتر لە سەدەیەکدا ئەو وڵاتەی گرتبێتەوە. دوای کارەساتەکەش زیاتر لە 20 پاشلەرزەی دیکە تۆمارکراون.

دەلسى رۆدریگێز، سەرۆکی کاتى ڤەنزوێلا رایگەیاند، تا ئێستا 32 کەس مردوون و زیاتر لە 700 کەسیش بریندارن، بەڵام پێشبینی دەکرێت ژمارەکە زۆر بەرزبێتەوە چونکە هێشتا ئاماری قوربانیانی ویلایەتی (لا گوایرا) لە نزیک پایتەخت نەگەیشتووە کە دەیان باڵەخانەی تێدا رووخاوە.

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی (سیمۆن بۆلیڤار) لە کاراکاسی پایتەخت بەهۆی زیانی زۆرەوە داخراوە. خزمەتگوزارییەکانی کارەبا، ئاو و غاز لە زۆر ناوچە پچڕاون، هاتوچۆی میترۆ و شەمەندەفەر بۆ ئاسانکاری کاری فریاگوزاری راگیراون و دەوامی خوێندنگەکانیش هەڵوەشاونەتەوە. لە سەرەتاشدا هۆشداری دروستبوونی تسونامی درابوو.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە وڵاتەکەی “ئامادەیە و دەتوانێت” بەپەلە هاوکاری بنێرێت بۆ “دۆستە نوێ و مەزنەکانیان”. بڕیارە تیمەکانی فریاگوزاری لە ئەمریکا، کۆماری دۆمینیکان، سلڤادۆر، مەکسیک و قەتەر بگەنە ڤەنزوێلا. وڵاتانی چین و بەڕازیلیش ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە.