ئەتۆم و هورمز لە سەرەکییەکانن

ترەمپ بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و گەمارۆی سەر ئێران “مەرجە توندەکان”ی راگەیاند

فەرهاد حەسەن

ترەمپ مەرجەکانی بۆ رێکەوتن لەگەڵ ئێران دیاری دەکات، کە بریتین لە وازهێنانی هەمیشەیی ئێران لە چەکی ئەتۆمی، کردنەوەی بێبەرانبەری گەرووی هورمز، هەڵگرتنی گەمارۆکان و لەناوبردنی پاشماوە ئەتۆمییەکان بەبێ پێدانی هیچ هاوکارییەکی دارایی، هەروەها ئاماژەی بە هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەكەی سەر ئێران كردووە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە نوێترین پەیامیدا، کەمێک بەر لە ئێستا لە تۆری تروس سۆشیاڵ بڵاویکردەوە، کە دەبێت ئێران بە فەرمی رازی بێت کە هەرگیز چەکی ئەتۆمی یان بۆمبی ئەتۆمی بەرهەم نەهێنێت و بۆ هەمیشە دەستبەرداری ئەو خەونە ببێت.

داوای کردنەوەی دەستبەجێی گەرووی هورمز دەکات بۆ هاتوچۆی ئازادی کەشتییەکان بە هەردوو ئاراستەدا، بەو مەرجەی هیچ جۆرە سەرانە، باج یاخود رەسمێکی تێپەڕبوون لە کەشتییەکان وەرنەگیرێت.

پەیامەکە جەخت لە پاککردنەوەی گەرووەکە لە مینە چێنراوەکان دەکاتەوە، ترەمپ دەڵێت ئەمریکا زۆربەی مینەکانی تەقاندوەتەوە و دەبێت ئێرانیش دەستبەجێ ئەو مینە کەمانەی ماونەتەوە لایانببات یان بیانتەقێنێتەوە.

دەشڵێت “بڕیار دراوە ئەمریکا بە هاوکاری چین، ئاژانسی ئەتۆمی و ئێران، ئەو ماددە پیتێنراوانەی (تۆزی ئەتۆمی) کە 11 مانگ لەمەوبەر بەهۆی هێرشی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکاوە لە قوڵایی زەویدا نێژراون، دەربهێنێت و لەناویان ببات”.

ترەمپ ئاماژەی بە هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییە توندەکە کردووە بۆ ئەوەی کەشتییەکان بگەڕێنەوە، بەڵام جەختی کردوەتەوە کە تاوەکو بڕیاری کۆتایی لە “ژوری بارودۆخەکان” نەدرێت، هیچ پارەیەک بە ئێران نادرێت.