14 پانێڵ پێشکەش دەکرێن و باسی زۆر شت دەکرێت

چاوەکان لەسەر هەولێرن و دیداری مێری پیاوانی سیاسەت کۆدەکاتەوە

دیلان محەمەدجەزا – هەولێر

ئەمڕۆ چاوەکان لەسەر هەولێرن و دیداری مێری پیاوانی سیاسەت کۆدەکاتەوە.

د. دلاوەر عەلائەدین سەرۆکی ئینستیتیوتی مێری بە 964ـی وت، “دیدارەکە ئەمڕۆ و سبەی بەردەوام دەبێت و 14 پانێڵ پێشکەش دەکرێن، کەسایەتییە دیارەکانی کورد و عێراق بەشدارن و باسی هەموو ئەو بابەتانە دەکەن کە پەیوەندییان بە ژیانی خەڵکەوە هەیە”.

“گفتوگۆی ئەمڕۆ بە سوریا دەستپێدەکات،چونکە هەموو ئەو شتانەی لەوێ دەقەومێ کاریگەری لەسەر ئێمە هەیە وەک بابەتی ئاشتی و تێکەڵبوونی ‌هێزە کوردییەکان لەگەڵ دیمەشق”، د. دلاوەر وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، جیا لە مەوزوعی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، باسی بابەتی دینار و دۆلار و کارەبا و نەوتیش دەکرێت کە ژیانی خەڵکی کوردستانیان پێوە بەندە.

جگە لە سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق و راوێژکاری سەرۆکی سوریای عەرەبی، چەند میوانێکی تایبەتیش لە تورکیاوە، وەک هاوسەرۆکی دەم پارتی بەشدارن و باسی پڕۆسەی ئاشتی لەو وڵاتە دەکەن.

ئەم دوو رۆژە چاوتان لە سەر 964 بێت، ورد و درشتی دیداری مێریتان بۆ رووماڵ دەکات.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری