کێشەکەی نەخۆشخانەی رەسوڵ بەردەوامە

وەزارەتی تەندروستی و نەخۆشخانەکە دوو قسەی جیاواز دەکەن

964+

ئەحمەد شەمزین- هەولێر

کێشەی نەخۆشخانەی رەسوڵی تایبەت لە هەولێر بەردەوامە، وەزارەت وتبووی ئەوەی بەناوی نەخۆشخانەکەوە قسەی کردووە بەڕێوەبەر نییە، ئەو کەسەش دەڵێ من بەڕێوبەرم و کێ دەڵێ وانییە با بێت خۆی بکاتە خاوەن.

نەخۆشخانەی رەسوڵ ئەو نەخۆشخانەیەیە کە کچە تەمەن 21 ساڵانەکەی هەولێر نەشتەرگەری تیادا ئەنجامداو دوایی کۆچی دوایی کرد، لەسەر ئەوەش وەزارەتی تەندروستی قوفڵی لە دەرگای نەخۆشخانەکەداو رایگەیاند ئەوان هۆڵی نەشتەرگەرییەکەیان بە فەرمانی وەزارەت داخراوەو لە دەرگایەکی ترەوە چوونەتە ژوورەوە نەشتەرگەرییان کردووە.

گیان لەدەستدانی ئەو کچە رۆژی 2ی ئەم مانگە بوو، داخرانی نەخۆشخانەکەش رۆژی دواتر بوو.

کێشەکە بەمە کۆتایی نەهات، شیروان عەبدوڵا بەناوی بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەکەوە قسەی کردو وتی ”وانییە وەزارەت بوختانی بۆ کردووین، هۆڵی نەشتەرگەریمان دانەخراوە.

هەر دوای ئەوە رەسوڵ عەبدولخالق بەڕێوەنەری پشکنین و بەدواداچوون لە وەزارەتی تەندروستی بە 964ی وت ”ئەو کەسەی بەناوی بەڕێوەبەری کارگێڕییەوە قسەی کردووە هەر لەسەر میلاکی نەخۆشخانەکە نییە”.

ئەمڕۆ شیروان عەبدوڵا قسەی بۆ 964 کردو وتی ”من بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەکەم، کێ دەڵێ وا نییە با بێ بڵێ من بەڕێوەبەرم”.