بەبڕیاری قایمقام

نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە دەربەندیخان شەوان دادەخرێن

شۆڕش قادری

بە بڕیاری قایمقامی دەربەندیخان بۆ لەمەودوا نووسینگەکانی ئاڵۆگۆڕی دراو لە شەواندا دادەخرێن و لە سبەی شەوەوە بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

دوای رێکخستنی کاری سەرتاشخانەکان و دیاریکردنی کاتی کارکردنیان نوێنەرانی نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو، ئەمڕۆ سێشەممە 8.9.2026  سەردانی ئامانج محەمەد قایمقامی قەزای دەربەندیخان-یان کرد.

بەپێی راگەیەنراوێکی قایمقامیەت، لە دیدارەکەدا خاوەن نووسینگەکان داوایان کردووە کاتی کردنەوە و داخستنی نووسینگەکانیان بە شێوەیەکی رێکخراو دیاری بکرێت و کاتێکی گونجاو لە شەودا بۆ پشوودان تەرخان بکرێت، بۆیە قایمقام لایەنە تایبەتمەندەکانی راسپاردووە تا رێکارە پێویستەکان جێبەجێ بکەن.

قایمقامیەت هەموو نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو ئاگادار دەکاتەوە لەوەی کە لە سبەی شەوەوە بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بۆیان نییە چیدی شەوان نووسینگەکانیان بکەنەوە.

هەر ئەمڕۆ، دوکاندارەکانی ناو بازاڕی قەزای دەربەندیخانیش لەگەڵ قایمقامی قەزاکە کۆوبونەوە و داوایان لێی کرد، شەوان ئەوانیش دوکانەکانیان دابخەن.

ئەم بابەتە دوای ئەوە سەریهەڵدا کە سەرتاشەکانی سلێمانی و دەربەندیخان داوایان کرد لە کاتژمێر 8ـی بەیانی تا کاتژمێر 8ـی ئێوارە کاربکەن، رۆژی شەممەی رابردوو سەرتاشەکانی سلێمانی لەڕێی سندوقی دەنگدان و بە زۆرینەی دەنگ رێککەوتن شەوان دایبخەن، ئێستاکەش چاوەڕێی بڕیاری قایمقامی سلێمانین بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدات و کێشەکەیان یەکلایی بکاتەوە.