هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا:
پابەندین بە پشتیوانیکردن لە هەرێمی کوردستان
964+
کاکەلاو عەبدوڵا
ستیڤ فەیگن، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی پابەند دەبێت بە پشتیوانیکردن لە هەرێمی کوردستان و سەقامگیری هەرێمی کوردستان بۆ واشنتن گرنگە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21.10.2026 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لەگەڵ ستیڤ فەیگن لە هەولێر کۆبوویەوە و لە راگەیاندراوێکدا حکومەتی هەرێم دەڵێت: هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پەرەپێدانی زیاتریی پەیوەندی دوولایەنە و گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان.
بەپێی راگەیاندراوەکە، ستیف فەیگن پابەندبوونی ئەمریکای بۆ درێژەدان بە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان دەربڕیووە
لە کۆبوونەوەکەدا گوێندۆڵین گرین، کوسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادە بووە، لەلایەن هەردوولاوە جەخت “لە پێویستیی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان” کراوەتەوە.
مەسرور بارزانی لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا باسی لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و وتوویەتی: پێویستە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و بەپێی رێژەی 14.14%ـی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027 تەرخان بکرێت.