بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی - وێنە: فەرمانگەی میدیا و زانیاری
"پاراستنی کەرامەت و تایبەتمەندی کەسی مافی سەرەکییە"
بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی خزمەتگوزاری ماڵان قەدەغە کرا
شۆڕش قادری
بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی خزمەتگوزاری ماڵان قەدەغە کرا و نابێ بۆ هێچ مەبەستێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبکرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، بەپێی نوسراوی ژمارە (11711 لە 3.9.2026)، بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی لەگەڵ کرێکارانی بیانی خزمەتگوزاری ماڵان قەدەغەکراوە.
“ئەم بڕیارە بۆ ئەوەیە کە وێنە و ڤیدیۆی ئەم کرێکارانە بەبێ ڕەزامەندی و بە مەبەستی بڵاوکردنەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکارنەهێنرێت و کەرامەت و تایبەتمەندییان نەبێتە بابەتی ناوەڕۆکی سۆشیال میدیا و بازرگانی ئەلیکترۆنی”، راگەیەنراوەکە وادەڵێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، کرێکارانی بیانی خزمەتگوزاری ماڵان، هەرچەندە لە وڵاتێکی دیکەوە هاتوون، بەڵام مافی مرۆیی و کرێکارییەکانیان هەمان ئەو مافانەن کە دەبێت بۆ هەر کرێکارێکی تر رەچاو بکرێت، نابێت جیاوازیی نەتەوە، زمان یان جۆری کار ببێتە هۆی پێشێلکردنی کەرامەت و تایبەتمەندییان.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەشڵێت، ئەم هەنگاوە پەیامێکی روونە کە نابێ وێنە و ڤیدیۆی کرێکار ببێتە کەرەستەی ریکلام، گاڵتە، ناوبانگ دروستکردن یان بەرنامەی سۆشیال میدیا.
پاراستنی مافی کرێکار تەنها بە پارەدان و دابینکردنی کار کۆتایی نایەت، بەڵکو پاراستنی کەرامەت و تایبەتمەندی کەسی مافی سەرەکییە
هەر بەپێی راگەیەنراوەکە، نابێ لە دەرەوەی پەیوەندی کار کە بەپێی گرێبەست رێکخراوە کرێکار ناچار بکرێت بۆ بابەت و کارێکی تر، بۆ ئەو مەبەستە داوا کراوە، بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان رێوشوێنی یاسایی لەگەڵ سەرپێچیکاران بگرنەبەر.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەڵێت، ئامانج لە ئاگادارکردنی پاراستنی مافی مرۆڤ و شکۆمەندی کریکارانی خزمەتگوزاری ماڵانە، ڕێگری لە بەکارهێنانی نایاسایی وێنە و ڤیدیۆکانیان بۆ مەبەستی بازرگانی و ڕیکلامی.