وەزارەتی تەندروستی: یەک ملیار و 500 ملیۆن دینار غەرامە دەکرێن

“ئەو کەسەى بەناوى نەخۆشخانەى رەسوڵى تایبەت قسەى کرد کارمەندى نەخۆشخانەکە نییە”

وریا فەتاح

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە توندی وەڵامی قسەکانی ئەمڕۆی نەخۆشخانەی رەسوڵی تایبەت دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، ئەو کەسەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی کردووە هیچ پەیوەندییەکی بە نەخۆشخانەکەوە نییە، هاوکات ئاشکرای دەکات، ئەگەر قسەکانی ئەو کەسە راست بن و لە کاتی داخرانی نەخۆشخانەکەدا ئەو هەموو نەشتەرگەرییەیان کردبێت، ئەوا بڕی یەک ملیار و 500 ملیۆن دینار سزادەدرێن.

دوای ئەوەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، کەسێک بەناوی شێروان عەبدوڵا وەک بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی رەسوڵی تایبەت کۆنگرەى رۆژنامەوانى ئەنجامدا و وتى،”هیچ نوسراوێک نییە کە نەخۆشخانەکەمان لە نەشتەرگەرى راگیرابێت”، 964 پەیوەندی بە دکتۆر رەسوڵ عەبدولخالق، بەڕێوەبەری پشکنین و بەدواداچوون لە وەزارەتی تەندروستییەوە کرد بۆ وەرگرتنی وەڵامی فەرمیی وەزارەت.

دکتۆر رەسوڵ عەبدولخالق بە 964ـی راگەیاند: “ئەو نەخۆشخانەیە لە رێکەوتی 8.6ـەوە بە فەرمی داخراوە، لە کاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکەشدا نووسراوی فەرمییان پێبووە و نیشانی کارگێڕیی نەخۆشخانەکە دراوە.”

سەبارەت بەو کەسەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی ئەنجامدا، بەرپرسەکەی وەزارەتی تەندروستی زانیارییەکی چاوەڕواننەکراوی ئاشکرا کرد و وتی، “ئەو کەسەی روونکردنەوەکەی داوە هیچ پەیوەندییەکی بە نەخۆشخانەکەوە نییە و ناوی لە میلاکی نەخۆشخانەکەدا نییە. ئەو کەسە تەنیا تا 3.6.2026 بە شێوەیەکی نافەرمی لەوێ دەوامی کردووە و دواتر لەوێ نەماوە.

بە درێژایی ئەو کاتەی نەخۆشخانەکە لەژێر نۆژەنکردنەوە و داخستندا بووە، لیژنەکانمان هەرگیز ئەو کەسەیان لەوێ نەبینیوە.”

وەزارەتی تەندروستی جەخت دەکاتەوە کە لە کاتی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکەی (سارا تەحسین)، هۆڵى نەشتەرگەرى نەخۆشخانەکە بە فەرمی داخراو بووە.

دکتۆر رەسوڵ عەبدولخالق ئاماژەی بە سزایەکی قورس کرد بۆ ئەو ژمارە نەشتەرگەرییەی کە نەخۆشخانەکە بانگەشەی بۆ دەکات و وتی: “بۆ هەر نەشتەرگەرییەک کە لە کاتی داخراندا ئەنجام درابێت، غەرامە و پێبژاردنی گەورەی لەسەرە کە بڕەکەی یەک ملیۆن دینارە بۆ هەر نەشتەرگەرییەک. ئەگەر قسەکانیان راست بێت کە نزیکەى لە 1500 نەشتەرگەرییان لەو سێ مانگەدا کردبێت، ئەوا بە کۆی گشتی یەک ملیار و نزیکە 500 ملیۆن دینار غەرامە دەکرێن.”

ئەم وەڵامەی وەزارەتی تەندروستی دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ شێروان عەبدوڵا کە خۆی وەک بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی رەسوڵى تایبەت ناساند، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا قسەکانی وەزارەتی تەندروستی بە “تۆمەت و حوکمدانی پێشوەختە” ناوبرد.

شێروان عەبدوڵا رەتیکردەوە هۆڵەکانیان قوفڵی لێدرابێت و رایگەیاند، بۆ سەلماندنی ئەوەی رانەگیراون، لە مانگی شەش 494 نەشتەرگەری، لە مانگی حەوت 539 نەشتەرگەری و لە مانگی هەشتیش 558 نەشتەرگەرییان ئەنجامداوە.

کێشەکە دوای ئەوە سەریهەڵدا کە چەند رۆژێک لەمەوبەر، کچێک بەناوی (سارا تەحسین) بە مەبەستی نەشتەرگەریی سەردانی ئەو نەخۆشخانەیەی کرد و لە کاتی نەشتەرگەریدا گیانی لەدەستدا.