لە چەمچەماڵ روویداوە

چیرۆکى ئەو باوکەى لەتاو کچەکەى گیانى لەدەستدا

964+

وریا فەتاح

خۆشەویستی باوک بۆ منداڵەکانی هیچ سنوورێکی نییە، رەنگە هەندێک جار بە گیانی خۆی باجی ئەو خۆشەویستییە بدات. لە رووداوێکی دڵتەزێن و دەگمەندا لە شارۆچکەی چەمچەماڵ، باوکێک لە تاو بیستنی هەواڵی برینداربوونی کچەکەی، بەرگەی نەگرت و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.

چیرۆکەکە هى دوێنێ هەینییە، کاتێک لە رووداوێکی هاتوچۆدا ئۆتۆمبێلێک خۆی بە کچێکدا دەکێشێت و بەپەلە دەگەیەندرێتە نەخۆشخانە. دوای کەمێک، بە تەلەفۆن هەواڵ بە باوکی کچەکە دەدرێت کە رۆڵەکەی تووشی رووداو بووە و لە نەخۆشخانەیە، بەڵام باوکەکە یەکسەر جەڵتە لێى دەدات و گیان لەدەست دەدات.

شەریف رەحیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ، چیرۆکەکەی بۆ 964 پشتڕاستکردەوە و وتی، “ئەمە چیرۆک نییە، بەڵکو رووداوێکی راستەقینەی کە دوێنێ لە چەمچەماڵ روویداوە. بەداخەوە باوکەکە بەهۆی ئەو شۆکەوە هەر لەوێدا گیانی لەدەستدا.”

ئاشکراشى کرد کە تەندروستی کچەکە جێگیرە، هەر بۆیە دوێنێ نەخۆشخانەی جێهێشت و گەڕێندراوەتەوە بۆ ماڵەوە. بەڵام ئەو گەڕایەوە بۆ ماڵێک کە ئیتر بۆ هەمیشە سێبەری باوکی تێدا نەماوە.