هەر جۆرە زێدەرۆییەک لادەبرێت و چەندین مێز و عارەبانە کۆکرانەوە
بازاڕی سەیداوە رێکخرایەوە و هاتووچۆی ئۆتۆمبێل ئاسایی بووەوە
ژێوار خدر
تیمەکانی شارەوانیی یەکی هەولێر لە هەڵمەتێکی فراواندا بازاڕی سەیداوە و سەر جسری سەیداوەیان رێکخستەوە و پاش ماوەیەکی زۆر لە دروستبوونی ئاستەنگ، رێگەکە بەڕووی ئۆتۆمبێلەکاندا کرایەوە و هاتوچۆ تێیدا ئاسایی بووەوە.
شارەوانی هەولێر دەڵێت، هەڵمەتەکە لە دوێنێ ئێوارەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو بەیانی ئەمڕۆ هەینی 4.9.2026 بەردەوام بووە. تێیدا سەرجەم ئەو زێدەرۆیی و سەرپێچییانەی سەر شۆستە و شەقامەکان لابراون، لەوانە عارەبانە، کەپەر و ئەو مێزانەی بەشێوەیەکی نەشیاو رێگەی هاوڵاتیانیان داگیرکردبوو.
دەشڵێت، ئامانجیان لەم هەڵمەتە رێکخستنەوەی سیمای بازاڕەکانی سەنتەری شار و دابینکردنی ئاسودەیی بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیانە.
ئاگادارییەکی توندیشیان ئاڕاستەی کاسبکاران کردووە کە لەمەودوا هەر جۆرە زێدەرۆییەک بۆ سەر شەقام و شۆستەکان ئەنجام بدرێت، بەپێی یاسا و بە توندترین شێوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.