لە کۆی 91 وڵات هەرێمی کوردستان پلەی 87ی بەدەستهێناوە
پەروەردە بەشداری پێشبڕکێیەکی نێودەوڵەتی کرد
ئەحمەد شەمزین _ هەولێر
هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمین جار بەشداریی لە هەڵسەنگاندنێکی پەروەردەیی نێودەوڵەتیدا کرد، بهڵام ئەنجامەکان دڵخۆشکەر نەبوو، هەرێم چوار پلە پێش کۆتایی بەرکەوت.
نزیکەی مانگێک دوای ئەوەی رێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری (OECD) ئەنجامی (PISA 2025)ـی بڵاوکردەوە، ئینجا وەزارەتی پەروەردە ئەمڕۆ قسەی لەسەر ئەنجامەکان کرد.
تاقیکردنەوەی PISA چییە و ژمارەکان دەڵێن چی؟
هەرێمی کوردستان پار ساڵ بەشداریی لە “پڕۆگرامی هەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتیی قوتابیان” كرد، كورتكراوهكهی (PISA)یه، کە تاقیکردنەوەیەکه ههر سێ ساڵ جارێك دهكرێت و ئاستی لێهاتوویی و زیرهكیی قوتابیانی تەمەن 15 ساڵ لە 91 وڵاتدا دهپێوێت، بهتایبهت له ههر سێ بواری خوێندنەوە، بیرکاری و زانستدا، ئەم تاقیکردنەوە بۆ دەرخستنی توانای قوتابییە لە بەکارهێنانی ئەوەی فێری بووە لە جیهانی راستەقینەدا. PISA ئهنجامی هەر تاقیکردنەوەیەک بە جیا بڵاو دەکاتەوە، بەڵام بە کۆکردنەوە و دابەشکردنی هەر سێ بابەتەکە دهكرێت رێژهی ناوەند دەربهێندرێت.
ئەنجامەکە: 5732 قوتابی لە هەرێمی کوردستان کە نوێنەری 93600 قوتابی 15 ساڵ و 259 قوتابخانە بوون لە ساڵی 2025 تاقیکردنەوەیەکەیان ئەنجامدا و تێکڕای نمرەی هەر سێ بابەتە سەرەکییەکە 334 خاڵ بوو کە هەرێمی کوردستانی خستووهته پلەی 87 لە کۆی 91 وڵات و ههرێمی بەشداربوو. کینیا (327)، زامبیا (325) و رواندا (310) نمرەیان له ههرێم نزمتره. هەرێمی كوردستان لە دوای وڵاتان یاخود هەرێمەکانی وەکو فەڵەستین (354)، کۆسۆڤۆ (349)، کەمبۆدیا (365) و لوبنان (360)ـەوە دێت.
لەم لینکە هەموو ئەنجامەکان داندراوە
https://shorturl.at/y0Dcv
وەزارەتی پەروەردە چی دەڵێت؟
ئەمڕۆ وەزارەتی پەروەردە لەسەر ئەنجامەکان قسەی کردو داتاکانی پیشانی میدیاکاندا، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە لە لێدوانێکی تایبەتدا بە 964ی وت: ”بۆ ئێمە بەشداریکردن لە PISA جێگەی دڵخۆشکەرییەکی گەورەیە، ئەو بوێرییەی بە خۆماندا بۆ بەشداری لە هەڵسەنگاندنێکی نێودەوڵەتی زۆر گرنگە، بۆ یەکەمجار کوردستانمان بردە ناو رەنکینی نێودەوڵەتی، کارکردن لەسەر ئەنجامەکان کاری دواترە”.
پەیامنێری 964 لە مامۆستا شیلان عەلی بەڕێوەبەری گشتی پلاندانانە لە وەزارەتی پەروەردەی پرسی: لە کۆی 91 وڵات ئێمە ژمارە 87 بووین، ئەم ئەنجامەتان بە دڵە؟ ئەویش وتی ”بۆ جاری یەکەم ئەنجامەکە زۆر باشە، یەکەمجارە لەسەر ئاستێکی نێودەوڵەتی هەڵسەنگاندن بۆ قوتابیانی ئێمە دەکرێت”.