بۆ خزمەتى کوردستان و پێشمەرگە

قوتابییەکی سلێمانی درۆنێکی زیرەک دروست دەکات

دیلان محەمەد- سلێمانى

قوتابییەکى زیرەک و داهێنەر لە شارى سلێمانى، خەونەکانى بۆ خزمەتى کوردستان گەیاندووەتە ئاسمان و درۆنێکى زیرەکى دروستکردووە، دەشڵێت: “دەمەوێ بە دنیا بڵێم هەر گەنجى وڵاتان نییە داهێنەر و بەهرەدارن، ئێمەش داهێنەرین”.

ئەحمەد هیوا، ئەو گەنجە کوردەیە کە توانیویەتی بە دەستەکانی خۆی درۆنێکی زیرەک دروست بکات، چیرۆکەکەشى بەمشێوەیە بۆ 964 گێڕایەوە کە ئامانجە گەورەکەی لە پشت ئەم ماندووبوونەوە، تەنیا خزمەتکردنى هێزی پێشمەرگە و کوردستان.

“ئەم درۆنە مێشکێکی زیرەکی هەیە و بە سیستەمی (پیکس هۆک – Pixhawk) کار دەکات. واتا تەنیا بە کۆنترۆڵ لێی ناخوڕیت، بەڵکو نەخشە و بەرنامەکەی بۆ دیاری دەکەیت، خۆی هەڵدەفڕێت، دەچێتە شوێنی مەبەست، ئەرکەکە جێبەجێ دەکات و دەگەڕێتەوە”. گەنجە داهێنەرەکە واى وت.

وەک ئەحمەد باسی دەکات، درۆنەکەی توانایەکی فرەجۆری هەیە، بە جۆرێک بۆ چاودێریکردن و کەشفکردنی ناوچەکان بەکاردێت و لە رووی تەکنیکیشەوە هاوشێوەی درۆنە پێشکەوتووەکانی ئێرانە.

هەرچەندە ئێستا ئەو درۆنەی ئەحمەد دروستی کردووە توانای بڕینی 10 کیلۆمەتری هەیە، بەڵام بۆ ئەو، ئەمە تەنیا سەرەتایەکی بچووکە بۆ خەونێکی گەورە. ئەو دەڵێت: “دەتوانم بە قەبارە و قیاسی زۆر گەورەتر دروستی بکەم، تەنانەت دەتوانم سیستەمەکەی وا لێبکەم مەودای فڕینەکەی بۆ ئەرکە دوورەکان بگاتە 100 کیلۆمەتر”.

وتیشى، “دەمەوێت بەم زانستە خزمەتى کوردستان و پێشمەرگە بکەم، پلانم ئەوەیە بە هەموو دنیا بڵێم کە گەنجی کوردیش خاوەنی ئەم عەقڵ و زانستە پێشکەوتووەیە و دەتوانێت داهێنان بکات”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح