کەندەکە شەش مەتر فراوان بووە

لە سێبەردان، لافاوێکی تر خانووی دووقاتێک دەخاتە مەترسییەوە

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

دوای لافاوەکەی هەولێر، دانیشتوانی گەڕەکی سێبەردان نیگەرانن لەوەی بەهۆی کەندێکی گەورە کە بارانەکە دروستی کردووە، لافاوێکی تر ببێتە هۆی نوقمبوون یان روخانی خانووەکانیان.

کەندەکە نزیکەی 6 مەتر پانییە و تەنیا چەند مەترێک لە خانووی کازم عوسمان دوورە؛ ئەو سێ مانگە گواستوویەتەوە ناو خانووە تازەکەی و نیگەرانە لە مەترسیی لافاوێکی تر.

کازم عوسمان بە 964ی وت، شەوی لافاوەکە تا بەیانی بەهۆی ترسی لافاو بەئاگا بوون و داوای پڕکردنەوەی کەندەکەیان کردووە، چونکە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.

لە بەرامبەردا، زەردەشت عەبدولخالق، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر بە 964ی راگەیاند، بەیانی تیمەکانیان دەنێرن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بەپێی پێویستییەکان.

دانیشتوان ئەو ناوچەیە چاوەڕێی جێبەجێکردنی ئەم بەڵێنە و چارەسەرکردنی مەترسییەکەن، پێش ئەوەی بارانێکی تری توند زیانی زیاتر بگەیەنێت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا