دوکاندارێکی سابوونکەران دەردەڵ بۆ 964 دەکات

معاش دوادەکەوێ و قەرزی ناو دوکانەکەی زۆر بووە

رازاو محەمەد – سلێمانی

“داوای قەرز مەكە لە قەرز بێزارم، ئێستاش چاوەڕێی قەرزی پێرارم”، دوکاندارێکی ناو بازاڕی سلێمانی ئەم نووسینەی وەک تابلۆیەک لە دوکانەکەی هەڵواسیوە بەڵام بێ معاشی و دۆخی خراپی خەڵک وایکردووە کە کەس گوێ بەو نووسینە نادات و زۆربەی شتەکانی بە قەرز دەڕوا.

محەمەد حسێن لە گەڕەكی سابوونكەران دوكانێکی بچووکی هەیە، ئەو دەردەڵی بۆ 964 کرد و وتی، “موچەخۆر بە 50 رۆژ جارێك موچە وەردەگرێت، پارەی پێ نییە بۆ ئەشیای ناوماڵ، نایدەیتێ گوناحە، ئەشیدەیتێ، دەستت دەبەستێ و شتەکانت بۆ ناکڕدرێتەوە”.

“سەدان قەرزمان فەوتاوە، بەڵام هەر ناچارین شت بدەین بە خەڵک، ماڵ و منداڵیان هەیە و ئەوانیش پێویستیان بە خواردن و کەلوپەلی رۆژانە هەیە”، محەمەد حسێن وادەڵێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، قەرزکوێر زۆر بووە و قەرزی پێنج ساڵ لەمەوبەری لایە کە تا ئیستاش وەرینەگرتووەتەوە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری