هێڤین میرزا، بەرپرسی بەشی چارەسەرکردن:

لە عاموودا نەخۆشیی “سالک” روو لە زیادبوونە و کەمی دەرمانیش بووەتە مەترسی

فەرهاد حەسەن

بەرپرسی بەشی چارەسەری نەخۆشیی “سالک” لە نەخۆشخانەی ناوەندی شاری عامودا، زەنگی مەترسی بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشیەکە لەو شارەی رۆژئاوای کوردستان لێدەدات و دەڵێت، بەهۆی فراوانبوونی شار، بوونی زۆنگاوەکان و زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و ئاوارەکان، تووشبووانی ئەم نەخۆشییە رۆژ بە رۆژ لە زیادبوونە.

هێڤین میرزا، بەرپرسی ئەو بەشە بە 964 ی وت، چارەسەری نەخۆشەکان لە رێگەی دەرزی لێدان لە شوێنی برینەکە یاخود لێدانی دەرزی لە ماسولکە دەبێت، کە بەپێی کێشی نەخۆشەکە دیاریدەکرێت”.

دەشڵێت “پێشتر هەفتەی دوو رۆژ چارەسەرمان پێشکەش دەکرد، بەڵام ئێستا بەهۆی زۆری حاڵەتەکانەوە، رۆژانە کار دەکەین و تەنیا ئەمڕۆش نزیکەی 10 حاڵەتی نوێمان چارەسەر کردووە.”

بەرپرسی بەشەکە روونیکردەوە کە لە ئێستادا 70 حاڵەتی جێگیر لەژێر چارەسەردان و هەر نەخۆشێک پێویستی بە مانگێک و هەفتەیەک چارەسەری بەردەوام هەیە، وتیشی: “رێکخراوی (مینیتۆڵ) بۆ ماوەی 10 ساڵ دەرمانی بۆ دابین دەکردین، بەڵام ئێستا دەرمانمان لەبەردەستدا نییە و نەخۆشەکان ناچارن لە دەرمانخانەکان بە پارەی خۆیان بیکڕن، کە زۆربەیان توانای داراییان نییە.”

هێڤین میرزا داوا لە خێرخوازان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات هاوکار بن بۆ دابینکردنی دەرمانی پێویست تاوەکو ئازاری نەخۆشەکان کەمبکرێتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە گۆڕانی کەشوهەوا بەرەو شێداری، دەبێتە هۆی زیادبوونی زیاتری مێشوولەی “لم” کە گواستەرەوەی سەرەکیی ئەم نەخۆشییەیە.

باس لەوەشدەکات، کە ئەم نەخۆشییە لەرێگەی مێشوولەیەکەوە دەگوازرێتەوە کە لە نزیک زۆنگاو و ئاژەڵەکان بڵاوە و تەنیا لە کاتی خۆرئاوا تاوەکو بەرەبەیان چالاک دەبێت و نەخۆشییەکەش لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ ناگوازرێتەوە و تەنیا لە رێگەی پێوەدانی مێشوولەکەوەیە.