زیاتر لە 14 کاتژمێرى رۆژانە
مۆلیدەکانى خورماتوو لەم مانگەدا 340 کاتژمێر کاریان کردووە
سیروان خورشید- خورماتوو
لە 24 رۆژى رابردوودا، مۆلیدەکانى خورماتوو 340 کاتژمێر کاریان کردووە و نرخى هەر ئەمپێرێکیش 17 هەزار دینار لەسەر هاوڵاتییان کەوتووە.
هیوا نورى، خاوەن مۆلیدەیەکى خورماتووە، ڤیدیۆى ساتى سفرکردنەوەى کاتژمێرى کارکردنى مۆلیدەکانى ناردووە و دەڵێت: ئەم مانگە لەمڕۆوە واتا (20.9.2026)، سفرکراوەتەوە، لەماوەى ئەو رۆژانەش کە کارمان کردووە 340 کاتژمێر کارەبامانداوە”.
مانگەکانى رابردوو، لە 28ى مانگەوە کاتژمێرەکانى کارکردن سفر دەکرانەوە، واتا ئەمڕۆ 24 رۆژ بەسەر سفرکردنەوەى مانگى رابردوو تێپەڕیوە و مۆلیدەکان لەو 24 رۆژەدا، 340 کاتژمێر کاریان کردووە کە دەکاتە رۆژانە زیاتر لە 14 کاتژمێر.
بەوتەى ئەو خاوەن مۆلیدەیە، بۆ ئەو 24 رۆژە هەر ئەمپێرێک 17 هەزار دینار لەسەر هاوڵاتیان دەکەوێت، هەرچەندە 10 رۆژ لەم مانگە ماوە و بڕیارە بەم شێوەیە لە پێدانى کارەبا بەردەوام بن، هەر بۆیە خاوەن مۆلیدەکە هۆشدارى دەداتە هاوڵاتیان کە مانگى داهاتوو پارە زۆر هاتەوە گلەیى نەکەن، چونکە 10 رۆژى ئەو مانگەشى لەسەرە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح