حکومەتی عێراق و گروپە چەکدارەکان تەنیا لەسەر "کات و شێوازی" رادەستکردنی چەک ڕێکنەکەوتوون

وتەبێژی حکومەت: چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا دەبێت


ژێوار خدر

حکومەتی عێراق رایگەیاند، گفتوگۆکانیان لەگەڵ گروپە چەکدارەکان قۆناغێکی باشی بڕیوە و لە زۆربەی خاڵەکاندا کۆکن، تەنیا جیاوازییەک مابێت لەسەر شێواز و میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیارەکانە.

حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە پەراوێزی کۆنفرانسی “دیالۆگی بەغدا” بە 964ـی راگەیاند؛ حکومەت و گەل بە ئومێدەوە چاوەڕێی 30ـی ئەیلول دەکەن، کە وادەی کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە لە عێراق. وتیشی، ئێستا گفتوگۆکان لەگەڵ گروپە چەکدارەکان بە باشی دەڕۆن و هەمووان لەسەر پاراستنی سەروەریی و بەرژەوەندیی عێراق هاوڕان.

وتەبێژی حکومەت جەختی لەوەش کردەوە، کە دۆسیەی “کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا” بابەتێکی تەواو ناوخۆیی و سەروەرییە، بۆیە هیچ وڵاتێک نێوەندگیری لەم بابەتەدا نەکردووە و تەنیا لایەنە سیاسییە نیشتمانییەکانی عێراق لێی بەرپرسن.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو جیاوازییەی ئێستا هەیە تەنیا لەسەر “چۆنیەتی جێبەجێکردنە” نەک خودی بڕیارەکان، حکومەتیش هەوڵ دەدات بە جۆرێک دۆخەکە بەڕێوە ببات کە گەلی عێراق تووشی هیچ گرفت و ناخۆشییەک نەبێت.