سلێمانى جاران خۆشتر بوو؛”جاران تا هەفتەیەک خواردن بۆ دراوسێی تازە دەبرا”

964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانى

دکتۆر کەریم قەرەچەتانی، دەروونناس، بە سۆزەوە باس لە یادەوەرییەکانی خۆی لە شاری سلێمانی دەکات و بەراوردێک لە نێوان گەرموگوڕیی جاران و دۆخی ئێستای شارەکاندا دەکات.
ئەو دەروونناسە ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی ئەوەی نەوەکانیان لە ژینگەیەکی پڕ لە شەڕدا گەورە بوون، یادەکان وەک پێشوو خۆشییان تێدا نەماوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بە شانازییەوە باس لە رەسەنایەتی و پێگەی رۆشنبیریی سلێمانی دەکات و پێی وایە بەشێکی گەورەی ئەو رۆشنبیرییە بۆ مێژووی بابانییەکان دەگەڕێتەوە، کاتێک وەک یەکەم هەنگاو لە مزگەوتی گەورە “کتێبخانەی ئەوقاف”یان دروست کرد.
قەرەچەتانى بۆ 964 یادێک بە بیر دێنێتەوە و دەڵێت: لە رابردوودا هێندە دڵسۆزی و هاوسۆزی لە گەڕەکەکاندا هەبووە، کاتێک دراوسێیەکی تازە بهاتایەتە گەڕەکێک، خەڵکەکە تا هەفتەیەک خواردنیان بۆ دەبردن، تا هەست بە نامۆیی نەکەن، بەڵام ئێستا دراوسێ دراوسێ ناناسێت.

ئەو پێى وایە، نەک سلێمانى شارەکانى تریش نەیانتوانیوە بەرگرى لە بەهاو قییەمەکانیان بکەن، هەر بۆیە دەوترێت شتەکان تامى جارانیان نەماوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح