کێڵگەی غازی کۆرمۆر _ وێنە: Dana Gaz
راگەیەندراوی هاوبەش بڵاوکرایەوە
بەبێ کەمبوونی غازی ماڵان، بەرهەمهێنانی کارەبا لە غاز کەمدەکات
ئەحمەد مستەفا
بە قسەی وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان و کارەبا، لە کاتژمێر 12:00ی ئەمشەوە، کۆمپانیای دانەغاز دەست بە قۆناغی دووەمی چاکسازییەکەی دەکات کە بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.
لە ماوەی ئەم چوار رۆژەدا، هەناردەی غاز لەلایەن کۆمپانیاکەوە لە 520 ملیۆن پێی سێجا بۆ 260 ملیۆن پێی سێجا دادەبەزێت.
ئەو دوو وەزارەتە ئەمشەو 8.10.2026، راگەیەندراوی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و دەڵێن، ئەو کەمبوونەوەی هەناردە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی نزیکەی 1070 مێگاوات لە بەرهەمی کارەبا.
سامانە سروشتییەکان و کارەبا دەڵێن، لە ماوەی ئەم چوار رۆژەدا، هەموو هەوڵێک دەدەن کاریگەریی ئەم کەمبوونەوەیە لەسەر کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا کەمترین بێت، جەخت لەوە کراوەتەوە، ئەم کەمبوونەوەیە لە هەناردەی غاز، کاریگەری لەسەر بڕی غازی شلی ماڵان نابێت.
پێشتر لە 1.10.2026، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاندبوو، پڕۆسەی چاکسازیی کۆمپانیای داناغاز کە لە ماوەی مانگێک بەڕێوەدەچێت، و لەم کاتەدا خواست و پێویستی کارەبا زۆر نییە بۆیە ساڵانە لەو مانگەدا کۆمپانیاکە چاکسازی لە تۆڕ و کارەکانی دەکات.