هەر بەراستی لە رووی زانستییەوە مرۆڤ دڵی دەشكێت؟

لە فشاری شوێنی کار و شەونخونییەوە تا خەمی لەدەستدانی ئازیزان

ژووری هەواڵ

بەردەوام گوێبیستی شکانی دڵ دەبین بەهۆی قسەی رەقەوە یان سترێسەوە یان لەدەستدانی کەسێکی ئازیزەوە، بەڵام ئایا لەڕووی پزیشکییەوە دڵ دەشكێت، دکتۆر شوان عوسمان پزیشکی پسپۆڕی دڵ لەڕووی زانستییەوە لە بەرنامەی دودوکتۆر پێمان دەڵێت، بەڵی دڵ دەشكێت.

ئاماژەش دەدات بەوەی کە تێکچوونی خەو، هەڵگرتنی خەم و سۆز، و رووبەڕووبوونەوەی رەفتاری ڕەق و ئیهانەکردن لە شوێنی کاردا، لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی هۆرمۆنی کۆرتیزۆلن لە جەستەدا، بەپێی توێژینەوە نوێیەکان، رووبەڕووبوونەوەی ئازار و قسەی رەق لە شوێنی کاردا تا %59 مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ زیاتر دەکات.

ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی دڵ روونی کردەوە، زیاتر لە 55 کاتژمێر کارکردن لە هەفتەیەکدا و کەمخەوی یان خەوزڕاندن، فشاری زۆر دەخەنە سەر ماسولکەکانی دڵ، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە خستنەگەڕی هەوڵی بەردەوام بۆ راگرتنی هاوسەنگی و رووبەڕووبوونەوەی سترێس، یارمەتیدەرێکی باشە بۆ دووربوون لە جەڵتە.

دەربارەی لەدەستدانی کەسانی ئازیز، د. شوان رایگەیاند لە یەکەم رۆژی ئەزموونکردنی ئەم خەمە قورسەدا، مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ تا %55 بەرز دەبێتەوە.