سێ داواکارى سەرەکیان هەیە

جووتیارانی هەرێم و عێراق لە بەغدا خۆپیشاندانیان کرد و رێگەی وەزارەتی داراییان داخست

وریا فەتاح

ئەمڕۆ سێشەممە (18ی ئابی 2026)، دەیان جووتیاری هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، لە بەردەم وەزارەتی دارایی لە بەغدا خۆپیشاندانیان کرد و شەقامەکانی نزیک وەزارەتەکەیان داخست، بە مەبەستی داواکردنی پارەی گەنمەکانیان.

لە کاتی خۆپیشاندانەکەدا، گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان جووتیاران و هێزە ئەمنییەکان دروست بوو. خۆپیشاندەران دروشمیان دەوتەوە و هەڕەشەی ئەوەیان کرد، ئەگەر داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، مانگرتنی کراوە رادەگەیەنن و ناچنەوە ماڵەکانیان.
داواکارییە سەرەکییەکانی جووتیاران سێ خاڵی سەرەکی بوون:
پێدانی تەواوی پارەی گەنمەکانیان، هەروەها رەتکردنەوەی ئەو 350 ملیار دینارەی کە حکومەت بڕیاری داوە وەک بەشێک لە پارەکەیان دابەشی بکات.
گەڕاندنەوەی نرخی یەک تۆن گەنم بۆ 850 هەزار دینار.
لێخۆشبوون لە هەموو ئەو قەرزانەی حکومەت کە لەسەریان کەڵەکە بووە.