بۆ داگیرکردنیان

لە خورماتوو عەرەبى هاوردە و سوپا چوونە سەر زەوى جوتیارانى کورد

+964
سیروان خورشید – خورماتوو

جارێکی تر ژمارەیەک جوتیاری عەرەبی هاوردە بە هاوکاری هێزێکی سوپای عێراق هەوڵیان دا دەست بەسەر زەوی وزاری جوتیارانی کوردی گوندی “تەپەسەوز” لە سنوری خورماتوو بگرن، بەڵام لەلایەن دانیشتوانی ناوچەکەوە رێگرییان لێ کرا.

شەماڵ کاکە خان، نوێنەری جوتیارانی گوندەکە بە 964ـى وت،”دوانیوەڕۆى ئەمڕۆ، ژمارەیەک عەرەبى هاوردە بە هاوکارى سوپاى عێراق، هاتنە سەر زەوى و زارەکانمان و ویستیان داگیریان بکەن، بەڵام دەستبەجێ دانیشتوانی ناوچەکە هاتنە دەنگ و رێگەیان نەدا زەوییەکان داگیر بکرێن”.

وەک ئەوەى باسى دەکات، عەرەبە هاوردەکان بەڵگە و گرێبەستی ساختەیان نیشان دا کە گوایە زەوییەکان موڵکی ئەوانن، بەڵام جوتیارانى کورد وتیان،” ئێمە باوڕمان بەو بەڵگانە نییە چونکە ئەم زەوییانە هی باب و باپیرانی خۆمانە و بە هیچ شێوازێک رێگە نادەین هیچ کەسێک زەوتیان بکات”.
هەرچەندە کاتژمێرێک گرژى و ئاڵۆزى دروستبوو لە نێوانیاندا، دواجاردانیشتوانی ناوچەکە هێزەکە و عەرەبە هاوردەکانیان ناچار بە پاشەکشە و جێهێشتنی شوێنەکە کرد.
بە وتەى شەماڵ کاکەخان، دواى جێهێشتنى شوێنەکە و لە کاتى پاشەکشەکردندا، عەرەبە هاوردەکات هەڕەشەیان لێکردوون و وتویانە،”بە هیچ جۆرێک رێگە نادەین جوتیارانی کورد زەوییەکانیان بکێڵن و بە هەموو شێوازێک هەوڵی سەندنەوەی زەوییەکان دەدەین”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح