كۆیه‌

زه‌یتوونی هه‌رمۆته‌ به‌رهه‌م و سێبه‌ر به‌ رێبواران ده‌به‌خشێت

ده‌ریا ئه‌حمه‌د – كۆیه‌

شەقامی بەرامبەر سەنتەری ددان و تەنیشت گۆڕستانی شەهیدان له‌ قه‌زای كۆیه‌، ژمارەیەکی زۆری داری زەیتونی بەرداری تێدایە، کە بەرهەمێکی زۆر و جوانیان هەیە، به‌شی هۆبەی باخچەکانیش خزمه‌تی داره‌كان ده‌كه‌ن و ئاودان و هه‌ڵپاچینیان بۆ ده‌كه‌ن.

ساڵانە هاوڵاتیان بەشێک لە بەرهەمی دار زه‌یتوونه‌كاتن لێدەکەنەوە، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی دیمه‌نی داره‌كان سیمایەکی جوانیان بە شەقامەکە بەخشیووە و بووه‌ته‌ پەناگەیەکیش تا شۆفێران ئۆتۆمبێلەکانیان لە سێبەری داره‌كاندا بووەستێنن. بەرپرسی هۆبەی باخچەکان لە شارەوانی کۆیە بەڵێن ئاودێر به‌ 964ی وت، “بەری زەیتوونەکان موڵکی هەر کەسێکە کە بیەوێت لێی بکاتەوە”.

وتیشی، تەمەنی دارەکان زیاتر لە 20 ساڵە و زەیتونی خۆماڵیی گوندی هەرمۆتەیە، لەوێ چێندراون و ساڵانە هەڵپاچین و پاککردنەوەیان بۆ دەکەن و بە تانکەریش ئاودانیان بۆ دەکەین.

“بەرهەمی زەیتوونەكان موڵکی هەموو کەسێکە و رۆژانە خەڵک لێی دەکه‌نه‌وه‌، ئەمەش رێگەپێدراوە بە مەرجێک زیان بە دارەکان نەگەیەنن و لقەکانی نەشکێننەوە”، به‌ڵێن ئاودێر وای وت.

ژمارەی دار زەیتوونەکان نزیکی 60 دارن و سەرجەمیان بەردارن، زەیتوونی سەوز و رەش و دەنک گەورە و بچوک ده‌گرن، ئەوەندەی خەڵکی دەستی پێی دەگات بەشی خواردنی خۆیانی لێ دەکەنەوە و لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی بەرزیی دارەکانه‌وه‌، هێشتا بەشێکی زۆری پێوە دەمێنێت و هەڵدەوەرێتە سەر زەوی.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا