یەکێکیان 90%ـى جەستەى سووتاوە
لە ئاگرى کۆگاى سوتەمەنییەکەى تانجەڕۆ 41 کەس بریندارن
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
ژمارەى بریندارانى ئاگرى کۆگاى سوتەمەنییەکەى تانجەڕۆ لە سلێمانى، بۆ 41 کەس بەرز بووەتەوە کە شەشیان ئەفسەر و کارمەندى بەرگرى شارستانین.
سامان شێخ لەتیف، وتەبێژى تەندروستى سلێمانى بە 964ـى وت،”بەهۆى ئاگرەکەوە 41 کەس بریندار بوون، 19 بریندار لە شوێنى رووداوەکە لەلایەن تیمەکانى فریاکەوتنى تەندروستییەوە چارەسەریان بۆ کراوە و 22 بریندار گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە”.
وەک ئەوەى باسى دەکات، لەو 22 بریندارەى رەوانەى نەخۆشخانە کراون، 21 برینداریان چارەسەرى پێویستیان بۆ کراوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
لەبارەى ئەو بریندارەى کە لە نەخۆشخانە ماوە، سامان شێخ لە تیف وتى،”برینەکەى قورسە و 90%ـى جەستەى سووتاوە”.
ئاشکراشى کرد، شەش لە بریندارەکان ئەفسەر و کارمەندى بەرگرى شارستانین، کە سەرجەمیان چارەسەریان بۆکراوە.
نیوەشەوى رابردوو، ئاگر لە کۆگایەکى سووتەمەنى ناوچەى تانجەڕۆ کەوتەوە کە تێیدا 34 تانکى و تەنکەر سووتان و زانیارییە سەرەتاییەکانیش ئەوەن زیاتر لە سێ ملیۆن لیتر بەنزینى بازرگانى، سووتاوەز
پێداچوونەوە: وریا فەتاح