"هەرکەسەو بۆخۆی حکومەتێکە لەم شارە"
سۆنەرەکەی بازگەی دارەمان دەیان گەڵابەی لە چاوەڕوانیدا هێشتووەتەوە
کاروان ساڵحی – کەرکوک
سۆنەرەکەی بازگەی دارەمان کێشەی بۆ ئەو سایەق گەڵابانە دروستکردووە کە چەو و لم دەگوزانەوە بۆ کەرکوک.
ژمارەیەکی زۆر گەڵابە و بارهەڵگر لە بازگەکە سەریەک کەتوونەتەوە و ریزیان بەستووە، بەیانی ئەمڕۆ سایەقەکان لە داخا رێگاکەیان بۆ چەند کاتژمێرك گرت و تایە و بەردیان لەسەر رێگاکە دانا.
چەند شۆفێرێک قسەیان بۆ مایکی 964 کردووە و دەردەڵی خۆیان هەڵڕشت، ئەوان دەڵێن، “ئیشەکەی ئێمە لەناو قەرەساڵم بۆ ناو کەرکوک و مەفرەق شوانە، قوم و چەگلمان بارکردووە و ناچینە خارج شار، ئەگەر بچینە سۆنەرەوە، دەبێ لە بەیانی تا ئێوارە لە سەرەدا بمێنینەوە، ئاوا بێ ئیشمان بۆ ناکرێ”.
“لەم شارە هیچ قانون و حکومەتێک نییە، ئەم سەیتەریە بۆخۆی حکومەتێکە، سەیترەیەی چیمەن حکومەتێکی ترە، شار بێ خاوەنە و هەرکەسەو بۆخۆی حکومەتێکە لەم شارە”، عامر عەزیز یەکێک لە سایەق گەڵابەکان وادەڵێت.
ئەو سایەقانە وەڕەزن و دەڵێن، ئیشەکەیان یاساییە و ناکرێ هەموو رۆژێک سێ بۆ چوار سەعات لەو سەیتەرییە ماتڵ ببن و بمێننەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری