دیمەنێکی نەخۆشخانەی چۆمان - وێنە؛ ئەرشیف
هۆکار و رێگاکانی خۆپاراستن
بۆچی لە وەرزی سەرمادا ئازاری گورچیلە زیاد دەکات؟
لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و دابەزینی پلەکانی گەرما، بەشێکی زۆری هاوڵاتیان هەست بە ئازار و ناڕەحەتی لە بەشی کەمەر و گورچیلەکانیاندا دەکەن.
تێگەیشتن لە هۆکارەکانی ئەم دیاردەیە یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی تەندروستی گورچیلەکان و دوورکەوتنەوە لە ماکە تەندروستییەکان.
وەزارەتی تەندروستی هەرێم هۆکارە سەرەکییەکانی ئازاری گورچیلە لە وەرزی سەرمادا بەم شێوەیەی خوارەوە داناوە؛
کەم خواردنەوەی ئاو (سەرەکیترین هۆکار): لە کەشوهەوای سارددا، هەستی تینوێتی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە. کاتێک جەستە بڕی پێویستی ئاو وەرناگرێت، میز خەست دەبێتەوە و ماددە کانزاییەکان و خوێیەکان لە گورچیلەدا کۆدەبنەوە؛ ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ڕمڵ، بەردی گورچیلە، یان هەوکردن و دروستبوونی ئازار.
گرژبوونی ماسولکەکان و بۆرییەکانی خوێن: سەرما دەبێتە هۆی گرژبوونی بۆرییەکانی خوێن و ماسولکەکانی پشت و کەمەر. زۆرجار ئەو ئازارەی هاووڵاتیان وەک ئازاری گورچیلە هەستی پێدەکەن، لە ڕاستیدا گرژبوونی ماسولکەکانی پشتە بەهۆی بەرکەوتنی سەرماوە، یان کەمبوونەوەی ڕۆیشتنی خوێنی پێویست بۆ گورچیلەکان.
زیادبوونی هەوکردنی کۆئەندامی میزەڕۆ: کەمبوونەوەی بەرگری جەستە لە وەرزی زستاندا و کەم خواردنەوەی شلەمەنی، دەرفەت دەدات بە بەکتریاکان لە ڕێڕەوی میزدا گەشە بکەن و ببنە هۆی هەوکردن و ئازار.
گۆڕانی سیستەمی خۆراک: لە وەرزی سەرمادا خواردنی خۆراکە سوێرەکان، ترشیات، چا و قاوە زیاد دەکات، کە ئەمانەش فشاری زیاتر دەخەنە سەر گورچیلەکان و ئاستی وشکبوونەوەی جەستە زیاد دەکەن.
ڕێگاکانی خۆپاراستن لە ئازاری گورچیلە:
1. خواردنەوەی ئاوی پێویست: چاوەڕێ مەکە هەست بە تینوێتی بکەیت؛ ڕۆژانە بڕی پێویست (نزیکەی 6 بۆ 8 پەرداخ) ئاو بخۆرەوە بۆ ئەوەی ڕەنگی میزت کاڵ و ڕوون بێت.
2. گەرم ڕاگرتنی جەستە: گرنگییەکی تایبەت بە داپۆشین و گەرم ڕاگرتنی ناوچەی پشت، کەمەر و قاچەکان بدە، بەتایبەت لە کاتی چوونە دەرەوەدا.
3. کەمکردنەوەی خوێ و خواردنەوە کافایندارەکان: خواردنی خوێ کەم بکەرەوە و زیادەڕەوی مەکە لە خواردنەوەی چا و قاوە، چونکە دەبنە هۆی لەدەستدانی شلەمەنی جەستە.
4. دوانەخستنی میزکردن: هەر کاتێک هەستت بە میزکردن کرد، دوای مەخە، چونکە هێشتنەوەی میز لە میزڵداندا مەترسی هەوکردن زیاد دەکات.
کەی پێویستە دەستبەجێ سەردانی پزیشک بکرێت؟
ئەگەر ئازاری پشت یان تەنیشتەکانت لەگەڵ یەکێک لەم نیشانانەی خوارەوەدا بوو، پێویستە بە زووترین کات سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەیت و خۆت لە بەکارهێنانی دەرمانی ئازارشکێن بەبێ ڕێنمایی پزیشک بەدوور بگریت:
بوونی تا و لەرز.
گۆڕانی ڕەنگی میز (سووربوون یان لێڵبوون) یان بوونی خوێن لە میزدا.
ئازار و سووتانەوە لە کاتی میزکردندا.
دڵتێکەڵهاتن و ڕشانەوە لەگەڵ ئازارەکەدا.
ئازارێکی زۆر توند کە بەرەو خوارەوەی سک یان بن ڕانەکان بڵاوببێتەوە.
بە هیوای تەندروستی و سەلامەتی بۆ هەموو لایەک