گێڕانەوەیەکی دڵتەزێن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی "سەرێ کانی"
شۆفێرێک: کەسانی نەناسراو بە چەک و چەقۆ هێرشیان کردە سەرمان وتیستیان بمانکوژن
گەڕناس مەعۆ – رۆژئاوای کوردستان
لە ناو جەرگەی رووداوەکانی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەرێ کانی، شایەتحاڵێک هێرشی ئەو چەکدارە نەناسراوانە باسدەکات کە لەدوای گەیاندنەوەی خێزانێکی ئاوارە بۆ سەرێ کانی لە رێگای گەڕانەوەدا تووشی هاتوون و دەڵێت “بە چەک و چەقۆ هاتنەسەرمان ویستیان بمانکوژن”.
ئەو شایەتحاڵە محەمەد عەلییە، شۆفێرکی ئەو کاروانە بووە کە خێزانە ئاوارەکانی دەگەیاندەوە بۆ شاری “سەرێ کانی” بە 964 ی وت “دووشەممەی رابردوو خێزانێکم گەیاندەوە سەرێ کانی، کە گەیشتینە ماڵەکەیان بینیمان کۆمەڵێک “نیشتەجێکراو” لەناو ماڵەکەیاندا بوو، پێیانوتن ماڵەکەیان بۆ چۆڵبکەن، بوو بە دەمەقاڵێیان”.
باس لەوەدەکات کاتێک ئەو گەڕاوەتەوە، لە شەقامی “کەنیسەکان”ی ئەو شارە کۆمەڵێک کەسی نەناسراو بە دار، چەقۆ و چەک هێرشیان کردووەتە سەری و ئۆتۆمبێلەکەیان تێکشکاندوە دەڵێت “بەڵام دوو کارمەندی ئاسایش گەیشتنە سەرم و توانیان رزگارم بکەن”.
بەهۆی ئەوەی مەترسی بەردەوام لەسەر ژیانی هەبووە، گەیەندراوەتە ئاسایشی گشتی و بۆ بەیانییەکەی بە ئۆتۆمبێلێکی دیکە گەڕێندراونەتەوە بۆ شاری حەسەکە، بەڵام ئۆتۆمبێلە تێکشکاوەکەی کە جۆری (فان)ە بەلەکارکەوتوویی لەوێ جێماوە.
محەمەد دەڵێت، لە حەسەکە ئاسایش بەڵێنیدا کە تاوانباران سزا بدات و ئۆتۆمبێلەکەشی بۆ چاکبکاتەوە، بەڵام بێ ئومێدیان کردووە، چونکە دەڵێت “تاوەکو ئێستا هیچ کارێکیان بۆ ئۆتۆمبێلەکەم نەکردووە”.
ئەم شۆفێرە، کە تاوەکو ئێستاش شوێنەواری چەقۆ بە پشتییەوە دیارە دەڵێت، کاتێک هێرشبەرەکان تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەیان بینیوە کە هی “قامیشلۆ”ە، پێیانوتوون “ئەی بەرازەکان، لێرە چی دەکەن؟” کە مەبەستی هێرشبەرەکان تەنیا دزی نەبووە، بەڵکو کوشتن و تاڵانکاری بووە و تەنانەت دەڵێت “مۆبایل و پارەکانیشیان لێ بردم”
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن