بە گومانی بوونی چەکدارانی داعش
سوپای عێراق سەرجەم دەروازەکانی پردێی داخست
964+
کاروان ساڵحی- کەرکوک
لە ئێستادا سەرجەم رێگەکان و دەروازەکانی هاتنەژوورەوە و دەرچوون بۆ ناو ناحیەی پردێ لەلایەن سوپای عێراقەوە بە هەردوو ئاراستەدا داخراون.
پەیامنێری 964 لە کەرکوک رایگەیاند، هۆکاری داخستنی دەروازەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئۆتۆمبێلێک کە گومان دەکرێت هی چەکدارانی داعش بێت، هاتووەتە ناو ناحیەی پردێوە.
سەرەڕای ئەوەی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە چاودێری کراوە ئۆتۆمبێلی داعشەکان بینراوە، هێزە ئەمنییەکان خۆیان بەدوور گرتووە لەوەی لەناو بازاڕدا نزیک ببنەوە یان تەقەی لێ بکەن، بە مەبەستی رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو حاڵەتە خوێناوییەی پێشوو کە تێیدا دژە تیرۆری عێراقی تەقەی لە چەند دوکاندارێک کرد و چەند گەنجێکی کوردی تێدا شەهید بوو.
لە ئێستادا هێزێکی زۆری سەربازیی سوپای عێراق چواردەوری ناحیەی پردێیان گرتووە و رێگەکانی کەرکوک – پردێ، هەولێر – پردێ و دووبز – پردێ داخراون، هاوکات فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک بە هێزێکی زۆرەوە گەیشتووەتە ناحیەکە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری ڕەوشەکە و بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەکە بێت.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح