دوێنێ شەو چی روویدا؟

بومەلەرزە لە چەمچەماڵ، درۆن لە هەولێر و کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ‘جۆرج واشنتن’یش دەنێردرێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ژووری هەواڵ

لەوانەیە خەوتبێتن کە ئەم رووداوانە روویاندا، بەڵام خەمتان نەبێت بۆ ئەوەی ئاگاداری گرنگترین پێشهات و هەواڵەکانی ناوخۆ و دەرەوە بن، 964 کورت و پوخت پێتان دەڵێت، لە دوێنێ شەوەوە تاوەکو ئێستا چی روویداوە؛

📌نزیک کاتژمێر 2:00ـی شەو بومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.5، لە قوڵایی 13 کیلۆمەتر قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی تەکیەی هەژاند، کە چەقەکەی 3 کیلۆمەتر لە باکووری چەمچەماڵ بووە و ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لەنێو هاوڵاتییاندا دروستکرد.

📌بەهۆی بەهێزیی لەرزینەکەوە، زۆربەی دانیشتووانی ناوچەکە لە ماڵەکانیان هاتوونەتە دەرەوە و زیانی مادیش بەر چەندین خانوو کەوتووە.

📌پەیامنێری 964 لە چەمچەماڵ: بەهۆی تەقەی ئاگادارکردنەوە لە پاشلەرزە لە چەمچەماڵ، ژنێک بە فیشەکی وێڵ بریندار بوو و ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتییش بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێوە گەیەندرانە نەخۆشخانە.

📌راستەوخۆ دوای بومەلەرزەکەی چەمچەماڵ چەند دەنگێکی بەهێزی یەک لە دوای یەک لەناو هەولێردا بیستران و سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقیش رایگەیاند، چەند درۆنێک لە ئاسمانی هەولێر خراونەتە خوارەوە.

📌سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقی بۆ کەناڵی ئەلحدەس: هێرشە درۆنییەکەی سەر هەولێر لە سنووری پارێزگای نەینەواوە ئەنجامدراوە.

📌درەنگانی شەو بەهۆی خراپی خزمەتگوزارییەکان لە گەڕەکی ئەلبەتاری کوت گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو، بەهۆیەوە رێگای بەغدایان داخست و ئاگریان کردەوە.

📌وەزیری دادی سوریا و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لەسەر هەماهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مادە هۆشبەرەکان و پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ پرسی زیندانیانی داعـ.*ش رێککەوتن.

📌سێنتکۆم ئەو دەنگۆیانە بە درۆ دەخاتەوە کە دەڵێن لەناو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ‘ئەبراهام لینکۆڵن’دا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، حاڵەتی مردن و کێشەی دەروونی لەنێوان سەربازەکاندا هەیە.

📌باڵیۆزی ئەمریکا لە تۆکیۆ رایگەیاند کە وڵاتەکەی دان بە سەروەریی ژاپۆن دادەنێت بەسەر دوورگەکانی ‘کوریل’دا، کە لەگەڵ رووسیا کێشەیان لەسەرە.

📌سوپای لاتڤیا خستنەخوارەوەی درۆنێکی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ناتۆوە راگەیاند، دوای ئەوەی ئاسمانی ئەو وڵاتەی بەزاندبوو.

📌وەزیری خەزێنەی ئەمریکا رایگەیاند کە هەفتەی داهاتوو سزای ئابووریی ‘بێپێشینە’ بەسەر ئێراندا دەسەپێنن، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ توندکردنی فشارەکان بۆ سەر تاران.

📌وەزیری وزەی ئەمریکا رایگەیاند، هەوڵەکانی ئێران بۆ بە بارمتەگرتنی ئابووری جیهان شکست دەخون و چیتر ناتوانێت وەک پێشوو بازاڕەکانی وزە تێک بدات.

📌ماڵپەڕی ئاکسیۆس بڵاویکردەوە، چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو جارێد کوشنەر راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ بۆ گفتوگۆ لەگەڵ نێوەندگیرانی میسر سەردانی قاهیرە بکات.

📌وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات رایگەیاند کە هێرشی ئێران بۆ سەر دوو کەشتیی نەوتهەڵگری ‘ئەدنۆک’، پێشێلکردنی بڕیاری ژمارە 2817ـی ئەنجومەنی ئاسایشە کە جەخت لە ئازادیی هاتوچۆی دەریایی دەکاتەوە.

📌ئاژانسی ‘وام’ بڵاویکردەوە، کۆمپانیای ئەدنۆکی ئیماراتی جەخت لە گرنگی پاراستنی سەلامەتی دەریاوانان و مسۆگەرکردنی ئازادیی هاتوچۆی دەریایی و ئاسایشی دەریاکان دەکاتەوە.

📌وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی دەتوانێت تا هەر کاتێک پێویست بکات لە گەمارۆدانی دەریایی سەر ئێران بەردەوام بێت.

📌رۆژنامەی ‘وۆڵ ستریت جورناڵ’ بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی گرژییەکان لەگەڵ ئێران، ئەمریکا کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ‘جۆرج واشنتن’ دەنێرێتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ شوێنگرتنەوەی کەشتیی ‘ئەبراهام لینکۆڵن’.

📌تەقینەوەیەکی گەورە لە کارگەی دروستکردنی تەقەمەنی لە شارۆچکەی کۆلیفێرۆ لە باشووری رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا روویدا، بەپێی زانیارییەکان، تەقینەوەکە لە بەشی پەستێنەری باروود و سیستمی پاڵنەری موشەکەکانی بەرگریی ئاسمانییەوە دەستی پێکردووە و دەنگەکەی تا چەند کیلۆمەتر دوورتر بیستراوە.