شێوەکارێکى گەنج بەرهەمەکانى نمایشکرد
بە موزیک و کاری دەستی؛ گەنجانی کەلار کەرنەڤاڵی رۆژی جیهانییان گێڕا
964+
میلاد جەلال- گەرمیان
بەبۆنەی رۆژی جیهانیی گەنجانەوە، ناوەندی کەلتووریی ئاران لە قەزای کەلار بووە جێگەی کۆبوونەوەی گەنجان و کەرنەڤاڵێکی فرەڕەنگی پڕ لە چالاکیی هونەری و رۆشنبیریی تێدا بەڕێوەچوو.
کەرنەڤاڵەکە دەرفەتێک بوو بۆ دەرخستنی توانا و بەهرە جیاوازەکانی گەنجانی سنوورەکە، کە تێیدا چەندین چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوەچوون، لەوانە کردنەوەی پێشانگای شێوەکاری، نمایشی کاری دەستی، پێشانگای کتێب، لەگەڵ چەندین بڕگەی موزیک و گۆرانی کە کەشێکی تایبەتیان بە شوێنەکە بەخشیبوو.
دینا ئەحمەد، کچە گەنجێکی بەهرەمەندە و بە چەند تابلۆیەک بەشداریی لە پێشانگا شێوەکارییەکەی ناو کەرنەڤاڵەکەدا کردووە، ئەو 964ـی وت: “من زۆر ئارەزووی کارەکەم دەکەم و خەونە گەورەکەم ئەوەیە لە داهاتوودا ببمە شێوەکارێکی بەناوبانگ و ناسراو”.
دینا کە بە جۆش و خرۆشەوە باسی لە تابلۆکانی دەکرد، پەیامى بۆ هاوتەمەنەکانى ئەوەبوو کە واز لە خەونەکانیان نەهێنن و بەردەوام هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی پەرە بە توانا و بەهرەکانی خۆیان بدەن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح