"ڤیدیۆکەم دەستکاری کراوە"

ئەو مامۆستا ئایینیەی هێرشی کردبووە سەر کوردانی ئێزدی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

فەرهاد حەسەن

رامین ساڵحزادە، ئەو مامۆستای ئایینییەی دوو رۆژ لەمەوبەر لە وتەیەکی ڤیدیۆییدا هێرشی کردبووە سەر کوردانی ئێزدی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت “ڤیدیۆکەم دەستکاری کراوە و مەبەستم هەموو ئێزدییەکان نەبووە”.

ئەو مامۆستا ئایینییە، لە شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەژیت و وەکو لە ئینستاگرامەکەی دەردەکەوێت، پێشنوێژ و وتاربێژی مزگەوتی گوندێکی شاری بانەیە و لە وتاری چەند رۆژێک لەمەوبەریدا سووکایەتی بە کوردانی ئێزدی کرد و هەڕەشەی کوشتن و سڕینەوەی لێکردن.

ساڵحزادە لە روونکردنەوەکەیدا دەڵێت، ئەو قسانەی لەسەر ئینستاگرامەکەم دانرابوون، دەستکاریکراو بوون و ئەدمینی پەیجەکە بەشێک لە قسەکانی بڕیبوو”.

دەشڵێت، “من باسی ئەو ئێزدییانەم کردووە کە بێ رێزی بە خودا، ئیسلام و پێغەمبەری موسڵمانان دەکەن، نەک هەموویان.”

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەر بە هیچ لایەنێکی تووندڕۆ نییە و لایەنگری هیچ حیزبێک نییە، “جگە لە شەریعەتی ئیسلام، هیچ شتێکی دیکەم قبووڵ نییە.”

دوای بڵاوبوونەوەی سەکانی یەکەمجاری ئەو مامۆستا ئایینییە، بەشێوەیەکی فراوان لەلایەن چین و توێژە جیاوازەکانەوە وەڵامدرایەوە و وەزارەتی ئەوقافی هەرێمیش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد کە “بەکارھێنانی وشەی نالۆژیکی بەرانبەر ھەر پێکھاتەیەک بەتوندی رەتدەکەینەوە و جەخت لە برایەتی خۆشەویستی و پێکەوەژیانی ھەمەلایەنە دەکەینەوە”.