لە کاتی کارکردنی حەفارەی کۆمپانیەیەک بۆری ئاوی سلێمانی و دوکان شکا
964+
دیلان محەمەد- سلێمانی
هاوڵاتییانی گەڕەکەکانی شاری سلێمانی بەتایبەت (سێتوان، قڕگە، ئیبراهیم ئەحمەد) و بەشێکی زۆری دەرەوەی شەقامی 60 مەتری، کە ماوەیەک بوو چاوەڕوانی بەردانەوەی ئاو بوون، رووبەڕووی گرفتێکی بێئاوی نوێ بوونەوە.
ئەم بەیانییە لە کاتی کارکردنی کۆمپانیایەک لە ناوچەکەدا، بەهۆی بەرکەوتنی حەفارەکەیانەوە، بۆریی سەرەکی گواستنەوەی ئاوی دوکان – سلێمانی (هێڵی دوو) شکێنرا و بڕێکی زۆر لە ئاو بەهەدەر دەڕوات.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە بەهۆی کەمبوونی ئاو و درەنگ بەردانەوەی، بەڕێوەبەرایەتی ئاو لە هەوڵی ئامادەکردنی پەمپەکاندا بوون بۆ ئەوەی لەم هەفتەیەدا دابەشکردنی ئاو لەو گەڕەکانە باشتر بێت و بڕیار بوو ئاویان پێبگات.
بەپێی زانیارییەکان، چاککردنەوە و راستکردنەوەی ئەم بۆرییە ماوەی 24 بۆ 48 کاتژمێر دەخایەنێت. ئەمەش دەبێتە هۆی دواکەوتنی زیاتری بەردانەوەی ئاو و دروستبوونی گرفتێکی گەورە بۆ هاووڵاتییانی ئەو ناوچانەی کە دەبێت ماوەیەکی زیاتر چاوەڕوانی بەردانەوەی ئاو بکەن.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح