لە هەولێر

ئێستا سێ لیتر بەنزینی سوپەر نرخی یەك مریشكی دوو كیلۆییە

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

پەیامنێری 964 سۆراغی کردووە و هەشت بەنزینخانە گەڕاوە، لیترێک بەنزینی سوپەر لە ژمارەیەک بەنزینخانەی هەولێر بووە بە دوو هەزار و 250 دینار، بەوپێیە بێت سێ لیتر بەنزینی سوپەر دوو کیلۆ مریشک دەکات.

هەروەها، نۆرماڵ بە هەزار و 175 دینارە و موحەسەن بە هەزار و 850 دینارە.

بەرزی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی شۆفێران، کە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان لەسەر ئاستی جیهانی و کەمبوونەوەی خستنەڕوو دروست بووە.

هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری نوێی بۆ دابەزاندنی نرخەکان دەرکردووە، بەڵام هێشتا جیاوازی و بەرزی لە بازاڕەکاندا دەبینرێت.

پێشتر، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بڵاویکردەوە، نرخی فرۆشتنی بەنزینی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە کوالێتی نۆرماڵ لە بەنزینخانەکان لیتری بە 750 دینارە، ھەروەھا نرخی فرۆشتنی بەنزینی بازرگانی بە کوالێتی نۆرماڵ لە بەنزینخانەکان نابێت لە 850 دینار زیاتر بێت.

لە بڕیارەکەی وەزارەتدا ئاماژە بە ھەردوو جۆری موحەسەن و سوپەر کرابوو کە بەنزینی کوالێتی موحەسەن لە بەنزینخانەکان نابێت لیتری لە 1000 دینار زیاتر بێت. ھەروەھا بەنزینی کوالێتی سوپەر لە بەنزینخانەکان نابێت لە 1200 دینار زیاتر بێت، بەڵام ئەم نرخانە هەرزوو نیگەرانی وێستگەکانی بەدواهات و دواتر بڕیاری ئازادبوونی نرخەکان درا و رۆژانە زیاتر بەرزدەبێتەوە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا