دژی بڕیارێکی قایمقامیەت

خاوەن مۆلیدەکانی گردبوونەوە و هەڕەشەی کوژاندنەوەی مۆلیدەکانیان دەکەن

سیروان خورشید – خورماتوو

خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکانی قەزای خورماتوو دژی بڕیارێکی قایمقامی قەزاکە گردبونەوە و داوا دەکەن نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە کەم نەکرێتەوە.

بەشێک لە خاوەن مۆلیدەکان قسەیان بۆ 964 کرد و وتیان، ئێمە بۆ هەر ئەمپێرێک کارەبا کە یەک کاتژمێر کار بە مۆلیدەکانمان دەکەین، 35 دینارمان لەسەر هاوڵاتییان حساب کردووە و پێشوەختە پارەمان وەرگرتووە، بەڵام ئێستا قایمقامیەت نرخی ئەمپێرێکی کەمکردووەتەوە بۆ 25 دینار لە کاتژمێرێکدا.

بە وتەی ئەوان، قایمقامیەت داوا لە خاوەن مۆلیدەکان دەکات ئەو بڕە پارە زیادەیەی وەریان گرتووە، بیگەڕێننەوە بۆ هاوڵاتییان، بەڵام ئەوان دەڵێن، ئێمە لە مانگێکدا 500 کاتژمێر کارەبا دەدەینە هاوڵاتییان، ئەو بڕە گازەشی حکومەت پێمان دەدات، بەشی 200 کاتژمێر دەکات، بۆیە ناچارین بە نرخی بازرگانی گاز بکڕین و ئەمەش زۆر دەکەوێت لەسەرمان.

پێداچوونەوە: هەژان هادی