"رەنگە مین تەقیبێتەوە"
ئاگرێکی گەورە لە شاخەکانی گوندی کەژانی پێنجوێن کەوتووەتەوە
بڕوا مەجید – پێنجوێن
ئاگرێکی گەورە لە شاخی گوندی کەژان لە سنووری قەزای پێنجوێن کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە رووبەرێکی بەرفراوان لە پوش و پاوان و دارستانی ناوچەکە سووتا و تائێستاش ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
سەردار سابیر دانیشتووی گوندی کەژان بە 964ـی وت، “بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 26.7.2026 دیمەنی کڵپەی ئاگرمان لە شاخەکانی بەرامبەر گوندەکەمان بینی، ئاگرەکە لەچاوتروکانێکدا پەرەیسەند و بەشێکی زۆر لە پوش و پاوان و دارستانی ناوچەکە بوونە خەڵووز”.
“گومان دەکەین جوڵەی ئاژەڵی کێوی و تەقینەوەی مین، هۆکاری سەرهەڵدانی ئاگرەکە بێ”، سەردار سابیر وای وت.
ژمارەیەکی زۆر لە خۆبەخشان و دانیشتووانی ناوچەکە، چوونەتە شوێنەکە، بەڵام بەهۆی فراوانبوونی ئاگرەکە و سەختی شوێنەکە، هێشتا ئاگر بەردەوامە و کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری