زێڕی پیاوانە
تەسبێحی کەهرەب “عەنبەر” بەهای گرامێکی تا 100 دۆلار دەڕوات
هێژا عەباس – هەولێر
تەسبیحی کەهرەب (یان عەنبەر) یەکێکە لە بەناوبانگترین، گرانبەهاترین و بەناوبانگترین جۆرەکانی تەسبیح لە ڕووی مێژووی و کلتورییەوە لە کوردستان و جیهانی ئیسلامیدا.
کەهرەب لە راستیدا بەرد نییە، بەڵکو سەرووی دارە سنۆبەرە کۆنەکانە کە بە تێپەڕبوونی ملیۆنان ساڵ ڕەق بووە و بووەتە ماددەیەکی سروشتی ناوازە.
حاجی خالید سلێمان بابۆڵی کە لەهەولێر ئەو جۆرە تەسبێحە دەفرۆسێ لە بارەی تەسبیحی کەهرەبەوە بە 964ی وت، دەنکەکانی تەسبیحی کەهرەب لە شیلەی ئەو دار سنەوبەرانەی، کە دەکەونە کەنار دەریا و رۆخی روووبارە خاو و مەنگەکانەوە دەردەهێنرێت.
سەرەتا وەکو ماددەیەکی شل دەتکێتە ناو ئاوەکە و پاشان بەپێی کات ماددەکە دەگۆڕێتە دۆخی ڕەق و دەردەهێنرێت، وا باوەڕە کە بۆ چارەسەری نەخۆشی زەردووی لە منداڵاندا بەکاردەهێنرێت، گەر بێت و لە دەستی منداڵەکە یان لە ملی بکەی.
نرخەکەشی، هاوشانی زێڕ بە گرام نرخەکەی دیاری دەکرێت، هەروەها رەچاوی تەمەنەکەی دەکرێت و تا تەمەنەکەی کۆنتر بێت گرانترە، بە گشتی نرخی گرامێکی لە یەک دۆلارەوە دەسپێدەکات تاوەکو سەد دۆلار.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا