راستییە زانستییەکانی سروشتی ڤایرۆسەکان
د.بینا هەڵکۆ: هیچ ڤایرۆسێک مرۆڤ ناکاتە زۆمبی و دەکرێت چەکێکی بایۆلۆجی بێت
ژووری هەواڵ
د. بینا هەڵکۆ، پسپۆڕی تەندروستی کۆمەڵ و بەرپرسی هۆبەی نەخۆشییە گوازراوەکان لە وەزارەتی تەندروستی، راستییە زانستییەکانی پەیوەست بە سروشتی ڤایرۆسەکان و چۆنیەتی کارکردنیان لە جەستەی مرۆڤدا رووندەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە چەمکی گشتی لەبارەی مەترسی سەرجەم ڤایرۆسەکان راست نییە.
لە گفتوگۆیەکدا لە بەرنامەی دودوکتۆر، د. بینا ئاماژەی بەوە کرد کە ڤایرۆس شتێکی زۆر بچووکە و بە هیچ شێوەیەک بە خانەیەکی زیندوو ئەژمار نەکراوە، چونکە بە سەربەخۆیی توانای گەشەکردن و دروستکردنی وزەی نییە، بەڵکو بۆ بەردەوامی و گەشەکردنی بە تەواوی پشتی بە خانەکانی جەستەی مرۆڤ دەبەستێت.
ئەو پسپۆڕەی تەندروستی کۆمەڵ ئەوەشی روونکردەوە کە سەرەڕای تێگەیشتنی باو، هەموو ڤایرۆسەکان دڕندە و زیانبەخش نین و جۆری زۆریان هەیە؛ تەنانەت هەندێک جۆریان هەن کە بەکتریا زیانبەخشەکان دەکوژن و خزمەت بە تەندروستی و جەستەی مرۆڤ دەگەیەنن، جەختی کردەوە هیچ ڤایرۆسێک مرۆڤ ناکاتە زۆمبی وبەڵام دەکرێت چەکێکی بایۆلۆجی بێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەرپرسی هۆبەی نەخۆشییە گوازراوەکان جەختی لەوە کردەوە کە ڤایرۆسەکان خۆیان بە هیچ شێوەیەک نەخۆش ناکەون، بەڵکو تەنیا وەک هۆکارێک دەبن بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری لە خانەکاندا لە کاتی گەشەکردنیان.