دیمەنی یەکێک لە گەڕەکەکانی هەولێر دوای لافاوەکە - وێنە؛ 964
لە لافاوەکەی هەولێر
سەدان ئۆتۆمبێل و ماڵی هاوڵاتیان زیانیان بەرکەوت و دوو کەسیش گیانیان لەدەستدا
شۆڕش قادری
لە هەولێر سەدان ئۆتۆمبێل و ماڵی هاوڵاتیان زیانیان بەرکەوت و دوو کەسیش گیانیان لەدەستدا، کورت و پوخت پێتان دەڵێن شەوی رابردوو لە هەولێر چی روویدا.
ئێوارەی دوێنێ و دوای هاتنی شەپۆلێکی بارانی بەلێزمە، جگە لە گەڕەکانی ئەتراف و دەورووبەری هەولێر، ئاو لەناو بازاڕ و گەڕەکانی شێخ ئەحمەد و سێتاقان و رێگای کۆیە و لای نەخۆشخانەی رزگاری کۆبووەوە و لافاو دروست بوو.
هەرچەندە تیمەکانی بەرگری شارستانی و فریاگوزاری و خزمەتگوزاری زوو وەدەست هاتن، بەڵام لەبەر ئەوەی بارانەکە تەرزە و باوبۆرانی لەگەڵ بوو، پێڕانەدەگەیشتن، بۆیە شوێنە بازرگانییەکان و دوکانی کاسبکاران ئاو چووە ناویان و زۆربەی کەلوپەلەکانیان بەزایە چوو.
جگە لە زیانە ماددییەکان، لە گەڕەکی هەولێری نوێ منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵان لەناو ئۆتۆمبێلەکەی باوکی خنکا و دوای چەند کاتژمێرێک تەرمەکەیان دۆزییەوە، لە گەڕەکی سێ بەردانیش سایەقی شۆفڵێک کە بە هانای خەڵکەوە چووبوو، خنکا و گیانی لەدەستدا.
هەر دوێنێ شەو پارێزگاری هەولێر پشووی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکانی راگەیاند، تاوەکو ئێستاش بەشێک لە رێگاکانی ناو هەولێر نەکراونەتەوە و بەهۆی قوڕ و لیتەوە داخراون.