بومەلەرزەی دەستپاکی گەیشتە شارەوانی دیوانییە
فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 30 بەرپرسی ئێستا و پێشووی حکومی دەرچوو “قەدەغەی سەفەریش بۆ بەشێکیان”
فەرهاد حەسەن
دەستەی دەسپاکی فیدراڵی، لە یەکێک لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنەکانی ساڵدا، توانی تۆڕێکی فراوانی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی دیوانییە ئاشکرا بکات، کە تێیدا دەیان بەرپرسی باڵا و فەرمانبەر تێوەگلاون.
دەستپاکی رایگەیاند کە 30 فەرمانی دەستگیرکردن و پشکنین لەلایەن دادگاوە دەرچووە، کە پێنج بەڕێوەبەری پێشووی شارەوانی و بەڕێوەبەری ئێستای شارەوانییەکە دەگرێتەوە و تۆمەتەکانیان بریتین لە وەرگرتنی بەرتیل، بەهەدەردان و دزینی پارە، سودمەندبوونی نایاسایی لە گرێبەستەکان، بەرزکردنەوەی نادروستی نرخەکان و زیانگەیاندن بە سامانی دەوڵەت.
ئۆپەراسیۆنەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ “شانەی هەڵۆکانی هەواڵگری”ئەنجامدراوە و لە قۆناغی یەکەمدا 15 فەرمانبەر و سێ بەڵێندەر دەستگیرکراون، کە کەرەستەیان بە نرخێکی خەیاڵی و زۆر گرانتر لە نرخی بازاڕ بە شارەوانی فرۆشتووە، یاخود پسوولەیان بۆ کار و پڕۆژەی “وەهمی” دروستکردووە.
دەستپاکی ئاماژە بەوەشدەکات، لە کاتی پشکنینەکاندا دەست بەسەر چەندین بەڵگەنامەی خەرجکردنی پارەدا گیراوە کە بڕەکەی زیاتر لە نۆ ملیار دینارە. هەروەها دەستبەسەر چەندین ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز و گرانبەها و بڕێکی زۆر پارەی کاش و مۆری ساختەی بەشەکانی وردبینی و ژمێریاریدا گیراوە کە بۆ تێپەڕاندنی مامەڵە نایاساییەکان بەکارهاتوون.
دەشڵێت، دوای لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی وتەی تۆمەتبارەکان، دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاریدا بە دەستبەسەرکردنی تۆمەتبارەکان و بڕیاری قەدەغەکردنی گەشتکردن بۆ ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای دیوانییە دەرچووە، کە گومانی پەیوەندی و تێوەگلانیان لەگەڵ ئەم تۆڕەدا لێدەکرێت.
دەستەی دەستپاکی جەخت دەکتەوە، کە بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانەی دیکەش بەردەوامە کە رایانکردووە، تاوەکو هەموویان رادەستی دادگا بکرێن.