بڕیاری کۆتایی لەبارەی کاتی کارکردنی سەرتاشخانەکانی سلێمانییەوە درا

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

لەدوای دەنگدان و مشتومڕێکی زۆر، دواجار بڕیار لەبارەی کێشەی سەرتاشخانەکانی سلێمانییەوە درا و داواکەیان رەتکرایەوە کە دەیانویست کاتێکی دیاریکراوییان بۆ کارکردن هەبێت.

دەروون رزگار، سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان / لقی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەو داوایەی زۆرینەی سەرتاشەکان هەیانبوو کە لە 8:00ـی بەیانی بۆ 8:00ـی شەو کاربکەن لەلایەن بەشی یاسای پارێزگای سلێمانییەوە رەتکراوەتەوە و ئەوان گوتوویانە، “بەپێی یاسا ناتوانین کات بۆ خاوەن کار دیاریی بکەین، ئەوان خاوەنکارن و کرێکار نین.”

لەبارەی رۆژێکی دیاریکراو بۆ پشووی سەرتاشەکانی سلێمانی، دەروون رزگار وتی: رۆژانی هەیینی دەتوانن پشوو وەرگرن و خۆشیان زۆرینەیان رایان لەسەر ئەوەیە پشووەکەیان ئەو رۆژە بێت.

لەماوەی رابردوو ناکۆکی لەنێوان سەرتاشەکانی سلێمانی دروستبوو لەسەر بابەتەکە بۆیە هەڵبژاردنێکیان بۆ کرا و تێیدا زیاتر لە 600 سەرتاش لەگەڵ ئەوە بوون کاتی کارکردن لەنێوان 8:00ـی بەیانی بۆ 8:00ـی شەو بێت و 70 سەرتاشیش دژی ئەوە بوون.

پێداچوونەوە: کاکەلاو عەبدوڵا